شەفافییەت: داهاتی هەفتانەی سلێمانی لە 13 بۆ 5 ملیار دینار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی شەفافیەت رایگەیاند، داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 5 ملیار دینارە، لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو زیاتر بوو لە 13 ملیار دینار.
بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە رێککەوتی 16-11-2024 بۆ ئەمڕۆ هەینی، 22-11-2024، پێنج ملیار و 682 ملیۆن و 487 هەزار و 529 دینار بووە.
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی هەفتەی رابردووی هەمان سنوور، 13 ملیار و 676 هەزار و 163 هەزار و 213 دینار بووە و بەراورد بەم هەفتەیە، نزیکەی هەشت ملیار دینار کەمی کردووە، کە دەکاتە 58.45%.
هەر بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی مانگی رابردووی سنوورەکە زیاتر لە 65 ملیار دینار بووە، ئەم مانگە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 31 ملیار دینارە.
لە داتاکانی شەفافیەتدا هاتووە، داهاتی ئەو سنوورانە ساڵی رابردوو یەک ترلیۆن و 173 ملیار و 990 ملیۆن و 914 هەزار و 465 دینار بووە.
داهاتەکان نانەوتین و لە رێگەی شەش گەنجینە (گەنجینەی دوو، گەنجینەی یەک، گەنجینەکانی گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجە) کۆدەکرێنەوە.
رۆژی 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ماڵپەڕی شەفافییەتی راگەیاند.
ماڵپەڕی شەفافیەت لە هەشت بەش پێکدێت و لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و دروشمەکەی "بە سیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"ـە.