کوردانی کەرکووک لە ئەورووپاوە بە لێشاو گەڕاونەتەوە بۆ بەشداری لە سەرژمێری
رووداو - کەرکووک
ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی دیاسپۆرانشین بۆ خۆتۆمارکردنیان لە پرۆسەی سەرژمێری گەڕاونەتەوە کەرکووک. دیار کوێخا یەکێکە لەو کوردانە کە 20 ساڵە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە و بۆ سەرژمێری گەڕاوەتەوە.
دیار کوێخا لەدایکبووی رەحیماوای کەرکووکە و دەڵێت، "ئەگەرچی هاوسەرەکەم ئەڵمانییە، بەڵام هەمیشە ئێرە بە خاکی خۆم دەزانم."
دیار لە ساتی گەڕانەوەی بۆ بەشداریکردن لە سەرژمێریدا، لەنێو ئەو فڕۆکەیەی پێی گەڕاوەتەوە، زیاتر لە 100 کوردی دیکەی کەرکووکی لەگەڵدابووە، کە بۆ هەمان مەبەست گەڕاونەتەوە.
ئەوەی پێویستی بە تاک بە تاکی خەڵک بوو لە کەرکووک کۆتایی هاتووە، بەڵام قۆناخی سێیەمی سەرژمێری کە تاوەکو 10ی مانگی داهاتووی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت، گرنگییەکەی بۆ حکومەتە وەکو لە خەڵک.
ستار پاشا، پسپۆڕی ئامار و سەرژمێری دەڵێت، "ئەوەی ماوە بۆ ئەوەیە کە حکومەت پلان و پڕۆژەکانی لەسەر ئەو بنەمایە دابڕێژێتەوە."
ئیدارەی کەرکووک تەواوبوونی دوو قۆناخی سەرژمێری بە سەرکەوتوو دەزانن. پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، وێڕای دروستکردنی ئاستەنگەکان، ئەوەی پێویست بوو کردیان و دڵنیایی دەدات کە سەرژمێریی کەرکووک، لەسەر بنەمای خەڵکی رەسەنی پارێزگاکە دەبێت.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لەبارەی قۆناخی سێیەمی سەرژمێری دەڵێت، "لە قۆناخی سێیەمدا بژمێرەکان دەچنەوە ماڵەکان و کۆمەڵێک پرسیار دەکەن کە تایبەتە بە دۆخی ئابووریی هەموو ئەو ماڵانە و حکومەت پێویستی بەو زانیارییانەیە، بۆئەوەی لە داهاتوودا کاریان لەسەر بکات."
سەرژمێری بۆ کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان لەسەر بڕیاری حکومەتی عێراق تایبەتمەندیی هەیە؛ بۆیە چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی هەر سێ قۆناخەکە، ئیدی کاری وردبینی لەلایەن لیژنەیەکەوە بە پشتبەستن بە بنەمای سەرژمێریی ساڵی 1957، دەستپێبکات.