قەییوم بۆ شارەوانیی دێرسم دانرا
رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەییووم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارەوانیی شارۆچکەی پلووری پارێزگەی دێرسمی باکووری کوردستان دانرا.
ئەمڕۆ هەینی 22ـی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بڕیاری دانانی قەییوومی بۆ شارەوانیی دێرسم و شارەوانیی شارۆچکەی پلوور بڵاوکردەوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە 31ـی ئاداری 2024 کرا، جەودەت کۆناک، بەربژێری دەم پارتی رێژەی 40.22٪ـی دەنگەکانی شارەوانیی دێرسمی بردەوە و بە سەرۆکی شارەوانیی پارێزگاکە هەڵبژێردرا.
تاوەکو ئەم ئێوارەیە شارەوانیی شارۆچکەی پلوور لە پارێزگای دێرسم لە لایەن جەهەپەوە بەڕێوەدەبرا و مستەفا ساریگوڵ، بەربژێری ئەو حیزبە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا رێژەی 33.63٪ـی دەنگەکانی بردەوە و بە سەرۆکی شارەوانیی هەڵبژێردرا.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، جەودەت کۆناک، هاوسەرۆکی شارەوانیی دێرسم "لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەکەکە/ کەجەکە بەتۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە و بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی، داواکاری گشتی بە تۆمەتنامەی ژمارە 1146/2024 داوای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی کردووە".
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیاردراوە بە دوورخستنەوەی جەودەت کۆناک بەپێی مادەی 47ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان و مادەی 127ـی دەستووری تورکیا، بەهۆی ئەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی کۆتایی نەهاتووە.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەپێی هەردوو مادەی 45 و 46ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان، بڕیاردرا بە دانانی بولەند تەکبییکئۆغڵو، پارێزگاری دێرسم وەک سەرۆک شارەوانیی دێرسم بەوەکالەت.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە هەمان راگەیێندراودا سەبارەت بە دانانی قەییوم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی پلوور رایگەیاندووە، مستەفا ساریگوڵ، سەرۆکی شارەوانیی پلوور "لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەکەکە/کەجەکە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە و بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی، داواکاری گشتی بە تۆمەتنامەی ژمارە 1146/2024 داوای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی کردووە".
راگەیێندراوەکە دەڵێت، "بەهۆی ئەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە دانەخراوە و کۆتایی نەهاتووە، بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی مستەفا ساریگوڵ لە ئەرکی سەرۆک شارەوانی، بەپێی مادەی 47ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان و مادەی 127ـی دەستووری تورکیا. هەروەها بەپێی هەردوو مادەی 45 و 46ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان، بڕیاردرا بە دانانی حوسێن شامیل سۆزەن، قایمقامی شارۆچکەکە وەک سەرۆک شارەوانیی پلوور بەوەکالەت".
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2024، قەییووم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی ئەسەنیورتی جەهەپە لە ئیستەنبووڵ دانرا و ئەحمەد ئۆزەر لەکارلادرا و بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ کەجەکە/پەکەکە دەستبەسەر کرا.
رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2024 بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەییوم بۆ شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیهـ و خێلفەتی رووها لە باکووری کوردستان دانرا.