رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکى کوردى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین رایگەیاند؛ تۆمارى خێزانەکان بۆ سەرژمێرى لە سنوورى قەزاى خورماتوو 100٪ تەواو بووە و خێزانە ئاوارەکانیش تۆمارکراون.
رۆژی 22ى تشرینى دووەمی 2024 یاسین داوودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین لە پشکى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "سەرژمێرى لە قەزاى خورماتوو 100٪ تەواو بووە و ناوى خێزانەکان تۆمارکراون، بە ئەوانەشی کە ئاوارە بوون و بۆ سەرژمێرى گەڕاونەتەوە قەزاکە."
یاسین داوودى گوتى: "چەند خێزانێکى کورد مابوون تۆمار بکرێن شەوى رابردوو تۆمارکران."
20 و 21ى تشرینى دووەمی 2024 سەرژمێرى گشتیى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان کرا، بەڵام بەهۆى ئەوەى لە زۆربەى پارێزگاکانى عێراق لەو دوو رۆژەدا تەواوى خێزانەکان تۆمار نەکروان، وادەکە بۆ ماوەى یەک رۆژ درێژ کرایەوە.
بەگوێرەى ئامارەى فەرمى عێراق، رێژەى تەواوکردنى قۆناخى تۆمارکردنى خێزانەکان بۆ سەرژمێرى لە سنوورى پارێزگاى سەلاحەدین 98.16٪ بووە.
یاسین داوودى رایگەیاند، بۆ قۆناخى داهاتووى سەرژمێرى ئەو خێزانانەى دەگەڕێنەوە رەشنووسى فۆڕمێکیان پێدەدرێت کە زانیارییەکانى تێدا بنووسنەوە بۆ ئەوەى دواى گەڕانەوەیان بدرێتە بژمێرەکان.
خورماتوو یەکێک لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستانە، کە لە کەرکووک دابڕێندراوە و خراوەتە سەر پارێزگای سەلاحەدین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ