ئەنجوومەنی ئومێد لە بۆکان کۆمەک بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە کۆدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامانی ئەنجوومەنی خێرخوازیی ئومێد هەموو هەوڵێک دەدەن، سەرنجی خەڵک بۆ لای کەمپەینەکەیان رابکێشن کە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە رێکیان خستووە.
 
ئاوات شامحەممەدی، ئەندامی ئەنجوومەنی ئومێد دەڵێ "کەمپەینەکە بریتییە لە یارمەتیی کاش.. تەواوی ئەو پارانەی کۆدەبنەوە دەخرێنە نێو ئەژمارێک بەناوی ئەنجوومەن و بەناوی کەسمان نییە و بۆ کۆمەککردنی نەخۆشانی شێرپەنجەیە.''
 
ئەنجوومەنی ئومێد تەنیا لە شاری بۆکان، هاوکاریکردنی نزیکەی هەزار و 800 نەخۆشی لەئەستۆ گرتووە. هاونیشتمانییان دەتوانن لە رێگەی ئەو ئەنجوومەنەوە بە پارەی کاش، بەخشینی جلوبەرگ و شتومەکی نێو ماڵ هاوکاریی تووشبووانی شێرپەنجە بکەن.
 
غەفوور شێخی، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئومێد - لقی بۆکان دەڵێ "هەرکەسێک لە نەخۆشە خۆشەویستەکان بییەوێت، ئێمە ئەو شتانە پێشکێش دەکەین و دەیخەینە سەر چاومان، بەڵام ئەگەر خەڵکی دیکە بێن لێرە شت بکڕن، حیسابەکەیان دەخرێتە سەر ئەنجوومەنی ئومێد.''
 
جگە لە هاوکاری، ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە هەفتانە سەردانی نەخۆشەکان دەکەن و لە پرۆسەی وەرگرتنی دەرمان، رەوشی دەروونی نەخۆشەکان و کێشەکانیان دەکۆڵنەوە.
 
مێهدی نەسروڵڵادوست، ئەندامی ئەنجوومەنی ئومێد باسی یەکێکی دیکە لە کارەکانی ئەنجوومەنەکەیان دەکات و ئاماژە بەوە دەدات، ئەوان دەچنە لای نەخۆشەکان و لە رەوشیان دەپرسن و بەسەریان دەکەنەوە بۆ ئەوەی بزانن ئەنجوومەنەکە پشتیوانیانن.
 
خێرخوازانی بەشدار لەو کەمپەینە، داوا لە خەڵکی دیکە دەکەن هاوکارییان بکەن تاوەکو زیاتر و باشتر هاوکاریی تووشبووانی شێرپەنجە بکەن.
 
ئیبراهیم ناسری، خێرخواز دەڵێ "داوا لە کەڵەژن و کەڵەپیاوان دەکەم تەشریف بهێنن و بە ئەندازەی توانای خۆیان کۆمەک بەو کەمپەینە بکەن.''
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ساڵانە 150 هەزار کەس لەو وڵاتە تووشی شێرپەنجە دەبن. ئەنجوومەنی پاڵپشتی لە نەخۆشانی شێرپەنجەی ئێران دەڵێت، 35٪ـی تووشبووانی شێرپەنجە لەو وڵاتە، توانای مادیی وەرگرتنی چارەسەریان نییە.