خشتەی مووچەخۆران دوای وردبینی پێشکێشی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان کرا

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چەند پێشنیار و راسپاردەیەکی ئەنجوومەنی گشتیی راژەی پەسند کرد. سیراج بارزانی دەڵێ خشتەی مووچەخۆران کە دوای وردبینی پێشکێشی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان کرا "هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران."
 
بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 22-11-2023) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتیی راژەی، راپۆرتێکی سەبارەت بە میلاکی گشتی و هێزی کاری کەرتی گشتیى حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ژمارە، داتا و زانیاریى ورد لەسەر ئەم بابەتە و پێشنیار و چارەسەری پێویست خستەڕوو، بەمەبەستی بە دامەزراوەییکردنی پرۆسەی دامەزراندن لە کەرتی گشتی، بە رەچاوکردنی پەیکەری کارگێڕی و بەڕێوەبردنی پێکهاتەی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم.
 
لەنێو راپۆرتەکەدا بەپێی راگەیێندراوەکەی حکومەت، سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتیی راژە، ئەنجامی پرۆسەی وردبینیی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریى دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستانی خستەڕوو سەبارەت بە میلاکی گشتی و ئاماژەی بەوە دا؛ سەرجەم خشتە و زانیاری و ژمارەکان خراونەتە بەردەم تیمی هاوبەشی وردبینی و لە ئەنجامدا دوای وردبینی، خشتەی مووچەخۆرانی هەرێم پێشکەش بە هەردوو حکومەتی فیدراڵیی و هەرێم کرا، "کە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران."
 
دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی راپۆرتەکە، ئەنجوومەنی وەزیران چەند پێشنیار و راسپاردەیەکی ئەنجوومەنی گشتیی راژەی گشتیی پەسند کرد ''لەپێناو بەدامەزراوەییکردنی زیاتری کەرتی وەزیفەی گشتی و هێزی کار لە دامەزراوەکانی هەرێم، هەروەها سەرجەم وەزارەتەکانیش راسپێردران هاوکاری ئەنجوومەنی گشتیی راژە بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی پەسندکران، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچووونیش راسپێردرا بۆ رەخساندنی هەماهەنگی بۆ ئەم مەبەستە.
 
ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە یاسای بودجەى گشتیی عێراق 689 هەزار کەسە، لەکاتێکدا ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دوو ئەوەندەى ئەو ژمارەیەیە.