رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، وەزیری دارایی عێراق پێی راگەیاندووە، دوای ناردنی دوایین 700 ملیار دینار، ناتوانێت هیچ پارەیەکی دیکە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، تاوەکو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەبارەوە نەدات.
بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 22-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ سێشەممە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە پەرلەمان بوو، لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان قسەی لەگەڵ کردووە، خراپی دۆخی فەرمانبەران و مامۆستایانی بۆ باسکردووە.
بڕیار رەشید کە هاوکات ئەندامی لیژنەی ئابووری و بارزگانی و پیشەسازیی پەرلەمانی عێراقە دەڵێت، "وەزیری دارایی عێراق پێی راگەیاندم، دوایین 700 ملیار دیناری دیکە وەک قەرز رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ناتوانێت هیچ بڕەپارەیەکی دیکە رەوانە بکات، چونکە ئەمە پێویستی بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری و بارزگانی و پیشەسازیی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، پێویستە یاسای بودجەی عێراق هەموار بکرێتەوە، بە تایبەتی لابردنی بڕگەی خەرجی فیعلی کە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، بەڵام پرۆسەکە ئەگەر وەک خۆشی بڕوات و خوێندنەوە یەکەم و دووەمی بۆ بکرێت کاتی زۆری پێویستە، بۆیە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ئەم چەند مانگە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی پێویستیان بە رێککەوتنە، تاوەکو بڕە پارەیەکی دیکە وەک قەرز رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت بۆ مووچەی فەرمانبەران.
حکومەتی عێراق بڕیاریدا بۆ تەواوی ئەمساڵ سێ قەرزی 700 ملیاری بۆ مانگەکانی 10، 11، 12ـی 2023 بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی تەمموز و ئاب خەرجیکردووە، هێشتا دوایین 700 ملیار دینار نەگەیشتووە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول.
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرا، بەڵام لەدوای راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و بۆ دابەشکردنی مووچە، پشت بە داهاتی نێوخۆ و ئەو پارەیە دەبەسترێت عێراق رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ