هۆشیار زێباری: لە رێگەی گەمەی سیاسییەوە دوو کورسیمان رەتکرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت لە رێگەی "گەمەی سیاسی"یەوە، دوو کورسیی پەرلەمانی حیزبەکەی لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەلایەن دەستەی دادوەری لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رەتکراونەتەوە.
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تویتەر نووسیویەتی: "دەستەی دادوەری لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021ی عێراق بڕیاریدا بە رەتکردنەوەی بەربژێرانی سەربەخۆی عێراقی و 2 لە کورسی بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەویش لە رێگەی گەمەی سیاسی".
زێباری هەر لە تویتەکەیدا هەروەها نووسیویەتی: "بەلاڕێدابردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان شتێكی بێهیواکەر بوو. هەڵبژاردنەکان دادوەرانە و پاک بوون، بەڵام ئەنجامەکەی ناداپەروەرانە و ستەمکارانە بوو".
رۆژی دووشەممە 22-11-2021 عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی پەسندکردنی تانەکان لەلایەن دەستەی دادوەری لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، گۆڕانکاریی لە شەش کورسی پەرلەمان لە 6 پارێزگا دەبێت، کە بریتین لە پارێزگاکانی؛ هەولێر، نەینەوا، کەرکووک، بەغدا و بەسرە و بابل.
پێشتر سەرچاوەیەک لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لەوانەیە دوو کورسیی پەرلەمان کە پێشتر بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر و نەینەوا بەدەستیان هێنابوون بدرێنە بەربژێرانی یەکێتی.