سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی چیک: هیوادارین ئەنجامی هەڵبژاردنەکان گۆڕانی ئەرێنی بێنێتە ئاراوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی تازەی كۆماری چیک لە عێراق کرد و هیوایان خواست ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق گۆڕانی ئەرێنی بێنێتە ئاراوە.
رۆژی دووشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2021 لە سەلاحەدین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە پیتەر ستێپانێك، باڵیۆزی تازەی كۆماری چیک لە عێراق كرد.
بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارێکدا وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی گەلی كوردستان و كۆماری چیك، جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری چیک لە بوارەکانی ئابووری، كولتووری و ئەكادیمی كرایەوە.
هەر لەو راگەیێندراوەدا هاتووە، لە درێژەی ئەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و پێشهاتەكانی دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ كرا و هەردوولا هیوایان خواست ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ببێتە مایەی گۆڕانی ئەرێنی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و بەدیهاتنی سەقامگیری و جێبەجێبوونی خواستی هاووڵاتییان.