لە سلێمانی چەند کەسێک بە چەکەوە هێرشدەکەنەسەر چێشتخانەیەک

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری سلێمانی چەند کەسێک بە چەکەوە هێرشدەکەنە سەر چێشتخانەیەک و لە خاوەنەکەی دەدەن و برینداری دەکەن، خاوەنی چێشتخانەکە دەڵێت: "میلییان لێهێنامەتەوە و گوتیان ئەم عەسرە دەتکوژین." خاوەنی ئەو موڵکەیشی کە کێشەیان لەگەڵ خاوەنی چێشتخانەکەدا هەبووە دەڵێن "ئێمە نازانین کێ هێرشی کردووەتەسەر ئەوان و هەرچیشی هەیە با بیداتە دادگا."
 
لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە دەست رووداو کەوتووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت کە چەند کەسێک بە جلوبەرگی سەربازییەوە هێرش دەکەنەسەر خاوەنی چێشتخانەکە و لێی دەدەن. 
 
عەمید ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، هەموو ئەوانەی هێرشییان کردووەتەسەر چێشتخانەکە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکەین. 
 
رووداوەکە کاژێر 1:30 خولەکی ئەمڕۆ یەکشەممە 22-11-2020 روویداوە، لەسەر ئەم رووداوە وەستا کامەران، خاوەنی چێشتخانەی کامەران لە سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "هێزێک بە دوو ئۆتۆمبێلی جامڕەش هێرشییان کردەسەرمان و دواتر بە پۆلیس و ئاسایش بە چەک لێیاندام و پەنجەم برینداربوو و بە شەقیش لێیاندام."
 
وەستا کامەران دەڵێت "نازانم ئەو هێزە سەر بە چ لایەنێکن، لەسەر چ ئەساسێک ئاوایان لە ئێمە کردووە، بۆیە ئێمە قبووڵی ناکەین. من کاسبم و دەبێت بۆم روونبکەنەوە ئەوان بۆ وایان لە من کردووە. بە چەکیش میلییان لێهێنامەوە و پێیانگوتم کە ئەم عەسرە دەتانکوژین، بزانم بۆ دەمانکوژن؟ ئێرە شاری بێ ساحێبە؟ ئەوە زۆر ناخۆشە و ئەگەر خۆیان پێ یەکێتییە، منیش یەکێتیم."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا خاوەنی چێشتخانەکە ئاماژە بەوە دەدات "من هەشت ساڵ بوو کرێچی بووم لەم دووکانەدا و لەڕێگەی یاساییەوە لە رۆژی پێنجشەممەوە شوێنەکەم بۆ چۆڵکردووە. بەڵام رۆژێک ئاوی لێگرتمەوە و دواتر شکایەتم لێکرد و لە شکاتەکەیشم پەشیمان بوومەوە. بەڵام نازانم ئەمڕۆ بۆ وایان لەمن کرد."
 
خاوەنی چێشتخانەکە لەسەر رووداوەکە و هێرشکردنەسەریان دەڵێت "سکاڵامان تۆمارکردووە و بەڵێنی برامیان بە تفەنگ بریندار کردووە، یەکێکی دیکەش برینداربووە."
 
وەستا کامەران پێیوایە ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە "باڵادەستن و پارەیان پێیە، ئەوانیش کە لە منیاندا لە ماڵی کابرا (خاوەنی موڵکی چێشتخانەکە) پاسەوانی دەکەن."

 

 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دیکەدا زانا کەمال حەکیم ئاغا، کە کێشەیان لەگەڵ وەستا کامەراندا هەیە رایگەیاند "کێشەکە کێشەیەکی بچووکە و کاک کامەران ماوەیەکی زۆرە کرێچی ئێمەیە، ئەو کوڕەی ئێمەش ماوەیەکی زۆرە پێیگوتوە کە دەبێت ئەو شوێنە چۆڵبکەی، هەروەها زیاتر لە حەوت مانگ کرێی نەداوە و داوای پارەیشی کردووە. بەڵام کاک هیوا کە خاوەنی موڵکەکەیە پارەکەی پێداوە. ئەوەی کە کێشەکەی دروستکردووە ئەوەیە کە وەستا کامەران شوێنەکەی داڕماندووە."
 
هیوا خاوەنی موڵکەکەیە، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانیەکەدا زانا کەمال حەکیم ئاغا، گوتی "کاتێک کاک هیوا هاتووەتە بازاڕ پۆلیس دەستگیریان کردووە و بردوویانەتە زیندان، دواتر زەختی بەرزبووەتەوە. ئەو تەنیا هاواری کردووە کە حەبی زەختەکەی بدەنێ، نازانم لەسەر چی دەستگیرکراوە. بۆیە کێشەکە لەنێوان خاوەن موڵک و کرێچییەکەدایە."
 
زانا کەمال حەکیم ئاغا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات "ئێمە ئاگادارنین کە هێزێک هێرشی کردبێتە سەر وەستا کامەران. ئێمە لەو کەسانە نین کە هێرش بکەینە سەر ئەوان. ئەگەر بەڵگەشی هەیە با بیداتە دادگا و ئێمە ئامادەی هەموو شتێکین."
 
سەبارەت بەوەی کە سکاڵایان تۆمارکردووە یاخود نا دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە ئێمەش هەڵوێستی خۆمان دەبێت و خاوەن موڵک سکاڵای خۆی تۆماردەکات."