عارف قوربانی: پەیامەکەی بارزانی بیانوو بڕە

22-11-2016
گۆڤەند مستەفا
عارف قوربانی
عارف قوربانی
نیشانەکردن بارزانی
A+ A-

رووداو - هەولێر

شرۆڤەکارێکی سیاسی، پێیوایە پەیامەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان "بیانوو بڕە"، واتە هیچ بیانووییەکی بۆ هیچ هێزێک نەهێشتووەتەوە". گوتیشی: "ئەمجارە هیچ حیزبێک خۆی بە حیزبێکی دیکەوە وابەستە نەکرد".


عارف قوربانی، رۆژنامەنووس و شرۆڤەکار، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 8:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی پەیامەکەی بارزانی و کاردانەوەی لایەنەکان رایگەیاند: "ئەوەی تازە بوو لە پەیامەکەی کاک مەسعود بارزانی، مەسەلەی هەڵوەشانەوەی ئەم کابینەیە و پێکهێنانی کابینەیەکی دیکە بوو".

عارف قوربانی، دەڵێت: "ئەگەر سەیری رووداوەکانی دوو هەفتە پێش پەیامەکەی بارزانی بکەین، بزووتنەوەی گۆڕان لە دوا کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیاندا لەسەر مەسەلەی ئاڵوگۆڕی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان قسەیەکی تازەیانکرد، ئەوەیش ئەوەبوو گوتیان کابینەی حکومەتیش لەگەڵ پەرلەمان یەک پاکێجە، راگەیێندراوی باڵی ناوەندی بڕیاری یەکێتیش لە چەند رۆژێک پێش پەیامەکەی بەڕێز بارزانی باسی هەڵوەشانەوەی حکومەتیان کردبوو".

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، ئاماژە بەوە دەدات: "لەبەر ئەوەی لە ساڵی 2017 شەرعیەتی پەرلەمان و حکومەت بەپێی هەڵبژاردن کۆتایی پێدێت، هەلومەرجی عێراق و کوردستانیش بە جۆرێکە کە تەسەور ناکرێت هەڵبژاردن لە کوردستاندا بکرێت، کە هەڵبژاردنیش نەکرێت، کەواتە هێزەکان مەحکومن بەوەی جارێکی دیکە دەبێت رێککەوتنێکی تازە بکەن بۆ چەند ساڵێکی دیکە تا دەگاتە ئەو دۆخەی کوردستان دەتوانێت هەڵبژاردن بکات".

عارف قوربانی، بەپێویستی دەزانێت لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ هەڵبژاردنی رابردوو، "دەبێت لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردنی پێشوو، کابینەیەکی دیکەی حکومەت پێکبهێنن، هەموو لایەنە سیاسییەکان ئەگەر هەر پێنج هێزەکەش نەبێت لانی کەم چەند هێزێک لەنێو هێزە براوەکانی هەڵبژاردنی پێشوو، بتوانن بە تەوافوقێکی سیاسی کابینەیەکی دیکە پێکبهێنن".

عارف قوربانی، پێیوایە ئەمە بە پلەی یەکەم دەکەوێتە سەر "پارتی دیموکراتی کوردستان، کە تا چەند بەدەم ئەم بانگەوازە و دەستپێشخەرییەی کاک مەسعود دەچێت، لەوەی ئامادە بێت دەستبەرداری بەشێک لەو پۆستانەی خۆی بێت، کە ئێستا بەدەستیەتی، لەبەر ئەوەی پارتی بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردنی پێشوو هێزی یەکەمە، دەبێت لەو سێ پۆستە سیادییەی هەرێمی کوردستان، وەک ئەوەی بارزانی پێشنیازی کردووە وەکو یەک پاکێج مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و ئاڵوگۆڕیان تێدا بکرێت، پارتی سەرپشک بکرێت لەوەی یەكێک لەو پۆستانە هەڵبژێرێت، دەبێت دوو پۆستەکەی دیکە بەجێ بهێڵێت بۆ هێزەکانی دیکە".

عارف قوربانی، ئاماژە بەوەش دەدات "قەیرانی ساڵی رابردووی هەرێمی کوردستان راستییەکی زۆر تاڵی دەرخست، ئەویش ئەوەبوو کە قەیرانەکان چارەسەر نەدەبوون، لەبەر ئەوە نەبوو کە بژاردەیەک نەبوو لەسەری رێکبکەون، لەبەر ئەوە نەبوو کە رێگەچارە نەدەدۆزرایەوە، بەڵکو دۆخی نێوان هەندێک لە هێزەکان بە دیاریکراویش پارتی و گۆڕان گەیشتە ئاستێک کە ئەم دوو هێزە قابیل بەوە نییە پێکەوە هەڵبکەن".

عارف قوربانی پێشنیازی دابەشکردنی پۆستەکان دەدات لەنێوان پارتی و یەکێتی و یەکگرتوو و دەڵێت: "ئێستاش گەشبین نیم بەوەی پارتی و گۆڕان جارێکی دیکە بتوانن لە کابینەیەکدا پێکەوە بەشدار بن، ئاساییشە تا هەڵبژاردنی داهاتوو ئەگەر گۆڕان بیەوێت وەکو ئۆپۆزیسیۆن بمێنێتەوە، بەڵام بە مەرجی ئەوەی حکومەت تەسلیم بە یەکێک لەو هێزانەی دیکە بکرێت، بۆ نموونە حکومەت بدرێت بە یەکێتی، پەرلەرمان بدرێت بە یەکگرتوو، پارتیش ئەگەر پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی لا مەتڵەبە، سەرۆکایەتی هەرێمی هەبێت".

ئەو رۆژنامەنووس و شرۆڤەکارە پێشیوایە پەیامەکەی بارزانی "زۆر بە دیقەت و بە وردی نووسراوە، پێموایە بیانوو بڕە، واتە هیچ بیانووییەکی بۆ هیچ هێزێک نەهێشتووەتەوە، کە ئامادەیی بەشداری نەبێت، یاخود جارێکی دیکە بە پاساو و بیانوی دیکە بڵێت ئێمە بەشداریی هیچ کۆبوونەوەیەک ناکەین، کە من هیوادارم هیچ کام لە حیزبەکان بەو ئەقڵیەتە بیر نەکەنەوە".

سەبارەت بە کاردانەوە و لێکەوتەی پەیامەکەی بارزانی، عارف قوربانی، گوتی: "لە دوێنێوە بۆ ئەمڕۆ دوای پەیامەکەی بارزانی ئەو لێکەوتانەی هەستی پێدەکرێت مایەی جۆرێک لە خۆشحاڵییە، ئەوەیە ئەمجارە هیچ حیزبێک خۆی بە حیزبێکی دیکەوە وابەستە نەکرد، کۆمەڵی ئیسلامی پێش هەموو لایەک پێشوازی لەو دەستپێشخەرییە کرد، دوای ئەو یەکگرتوو، ئەمڕۆش کاک کۆسرەت، دوور نییە سبە و دوو سبەی باڵەکەی دیکەی یەکێتی بەدەم ئەم بانگەوازەوە بچن".

عارف قوربانی، گوتیشی: "یەکێتی چاوەڕێی گۆڕانی نەکرد، یەکگرتوو و کۆمەڵ چاوەڕێی یەکدیان نەکردو کەسیشیان چاوەڕێی گۆڕان نەبوون، ئەمەش دەلیلە لەسەر ئەوەی کە تێگەیشتنێک لەلای هێزەکان دروستبووە، لە ساڵی رابردوو ئەو قەیرانانە بە ئەندازەیەکی زۆر خراپ لە کوردستان رەنگی داوەتەوە، ژیان و گوزەرانی خەڵک لەبەردەم دۆخێکی زۆر زۆر مەترسیدارە و خەڵک زۆر ماندووە".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە