کەرکووک چاوەڕێى ئەنجامى هەشت سکاڵایە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێى لایەنە ناکۆکەکان

22-10-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوو دادگەى عێراق، سکاڵاى سێ لایەن لەدژى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک یەکلادەکەنەوە، سکاڵالێکراوان 10 کەسن، لەوانە پارێزگار و سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکووک لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق.
 
دابەشکاریی پۆست لە شارەکە گرێى سەرەکیی ناکۆکییەکانە، ئێستا عەرەب 75%ـی قایمقامەکان و 41%ـی بەڕێوەبەرى ناحییەکانى بەدەستەوەیە، تورکمانى شیعە سێیەکى دەنگى تورکمانى سوننەى بەدەستهێناوە، بەڵام زیاتر لە 90%ـی پۆستەکانى پشکى ئەو پێکهاتەیەى لە کەرکووک بەدەستەوەیە.
 
کورد، 33%ـی بەڕێوەبەرى ناحیە و 28%ـی پۆستە کارگێڕییەکانى دیکە و 0٪ قایمقامى بەدەستەوەیە.
 
تورکمانى شیعە سێیەکى دەنگى تورکمانى سوننەیان بەدەستهێناوە، بەڵام زیاتر لە 90%ـی پۆستەکانى تورکمانە سوننەکانی کەرکووکیان بەدەستەوەیە. 
 
ئەمڕۆ (سێشەممە، 22-10-2024)  دادگەى کارگێڕیی عێراق دوا بڕیار لەسەر سێ سکاڵا دەدات، کە لەلایەن بەرەى تورکمانى، فراکسیۆنى پارتى لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، هەروەها راکان جبوورى، ئەندامى ئەو ئەنجوومەنە پێشکێش کراون.
 
سکاڵاکان لەدژى  "رەوایەتیی" کۆبوونەوەی ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکووکە لە 10ـی ئابدا لە بەغدا، کە بۆ هەڵبژاردنى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک کرا.
 
لە کۆبوونەوەکەی بەغدا، رێبوار تەها لە پشکی کورد (یەکێتی) وەک پارێزگار و محەممەد حافز لە پشکى عەرەبی سوننە، وەک سەرۆکى ئەنجوومەن هەڵبژێردران.
 
سکاڵاکاران داوایان کردووە کۆبوونەوەکەى ئەو ئەنجامانەى لێ بەدەستهاتووە، هەڵبووەشێندرێتەوە.
 
فراکسیۆنەکانى یەکێتى، بابلیوون، دوو ئەندامى فراکسیۆنى قیادەى سوننە، ئەندامێکى فراکسیۆنى عرووبە دەنگیان بەو حکومەتە خۆجێییە دا، فراکسیۆنەکانى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو، پارتى دیموکراتى کوردستان، چەند ئەندامێکى هاوپەیمانیی عرووبە بەسەرۆکایەتیی راکان جبوورى، پارێزگارى بەوەکالەتی پێشوو لە بەرەى نەیارى ئەو حکومەتەن و لەوکاتەشەوە بەشداریی کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکووکیان نەکردووە.
 
8 سکاڵا و 10 سکاڵالێکراو
 
جگە لە سکاڵاکان لە دادگەى کارگێڕى، سێ سکاڵاى دیکەش دژی پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک پێشکێش کراون و لە 6-11-2024 دوو دانیشتنى دادگەى فیدراڵى عێراق لەبارەیانەوە دەکرێن. 
 
راکان جبوورى، حەسەن تۆران، سەرۆکى بەرەى تورکانى و سەوسەن جەدووع، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگا لە فراکسیۆنى ئەو بەرەیە، سکاڵاکانیان پێشکێش کردووە، پشتیان بە مادەى 7ـی یاسای پارێزگاکان بەستووە کە بڕگەیەکى دەڵێت؛ کۆبوونەوەى ئەنجوومەن بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەن و پارێزگا؛ دەبێت لەسەر داواى بەتەمەنترین ئەندام بێت، کە راکان جبوورییە.
 
سکاڵاکەى حەسەن تۆران، جیاواز لەوانى دیکە لەدژى ئەو نۆ ئەندامەى ئەنجوومەن تۆمارکراوە، کە لەو کۆبوونەوەى لە بەغدا کرا، بەشدار بوون. هەردوو دانیشتنەکەى دادگەى فیدراڵى بەبێ ئامادەبوونى سکاڵاکار و سکاڵالێکراوە و ئەو جۆرە دانیشتنانە بۆ بڕیاردانن.
 
کاروان عوسمان، بەرپرسی بەشى سکاڵاکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى 'رووداوى عێراق'، گوتى "ئەوەى لەسەرمان بووە، بە بەڵگەوە وەڵامى سکاڵاکانى ئەوانمان داوەتەوە، هەریەکەیان بە شەش بڕگە."
 
کاروان عوسمان پێشبینی کرد هەردوو دادگەى باڵاى فیدراڵى و دادگەى کارگێڕى، دوابڕیار لەسەر دۆسییەکانی سەر حکومەتى خۆجێیی کەرکووک بدەن.
 
دادگەى فیدراڵیی عێراق لە 6ـی تشرینى دووەم تاوتوێى سێ سکاڵاى دیکەش دەکات کە حەسەن تۆران، سەوسەن جەدووع و راکان جبوورى بەجیا تۆماریان کردووە، هەرسێکیان یەک ناوەڕۆکیان هەیە و سەرۆککۆمار سکاڵالێکراوە؛ ئەوان، داوا لە دادگە دەکەن سەرۆککۆمار ناچاربکرێت ئەو مەرسوومە کۆمارییەی بکشێنێتەوە کە 13ـی ئاب دەریکردووە بۆ ئەوەى رێبوار تەها بە فەرمى ببێتە پارێزگار.
 
تەحسین کەهیە، جێگرى ئەمیندارى گشتیى یەکێتیى ئیسلامى بۆ تورکمانى عێراق لەکاتی بەشداریکرنى لە پۆدکاستى 'رووداوى عێراق'، گوتى "ئەگەر دادگەى فیدراڵى بڕیار لە بەرژەوەندیی ئەوانەى ناڕازین، بدات ئەوا پێکهاتەى حکومەتی خۆجێیی دووبارە گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت. پێکهێنانى ئەم حکومەتە بەم شێوەیە ناتوانێت خزمەتگوزارییەکان پێشکێشی کەرکووک و کەرکوکییەکان بکات؛ ئامادەنەبوونی هەر پێکهاتەیەکیش لە ناوەندى بڕیاردان، کێشە دروست دەکات، کێشەى سیاسى بێت یان کێشەى دیکە."
 
پۆستەکان؛ عەرەب زۆرینە و تورکمانى سوننە کەمینە
 
بەگوێرەى ئەو رێککەوتنەى بۆ پێکھێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک کراوە؛ عەرەب 19 پۆست و تورکمان 18 پۆستی لەو شارە بەردەکەوێت، کە هەندێکیان دابەش کراون بەسەر ئەوانەى لە ئەنجوومەنى پارێزگا نوێنەریان نییە، بەتایبەت تورکمان؛ دواترینیان دانانى یاوەز حەمید بوو وەک جێگرى دووەمى پارێزگار کە تورکمانە.
 
چوار قەزا لە کەرکووک هەن، قەزاى ناوەند ئێستا بەوەکالەت بەدەست تورکمانەوەیە و قەزاکانى دیکە؛ دووبز، داقووق و حەویجە بەدەست عەرەبەوەن، بەڵام کورد هیچ قایمقامێکى نییە، واتە 75%ـی قایمقامەکانى کەرکووک عەرەب و 25%ـیش تورکمانن.
 
لە کەرکووک 12 ناحیە هەن، پێنج بەڕێوەبەرى ناحیە عەرەبن، کە دەکاتە 41.6 % و بریتین لە ناحیەکانى عەباسیە، ریاز، مولتەقا، رەشاد و زاب.
 
کورد، چوار بەڕێوەبەرى ناحیەى بەدەستەوەیە، کە دەکاتە 33.3%، ئەوانیش ناحیەکانى؛ پردێ، سەرگەڕان، شوان و قەرەهەنجیرن.
 
تورکمان، سێ بەڕێوەبەرى ناحیەى بەدەستەوەیە، کە دەکاتە 25%، بریتین لە ناحیەکانى یایچى، تازەخورماتوو و لەیلان.
 
لە هەموو پشکەکانى تورکمان لە قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحیە، هیچیان بەر تورکمانى سوننە نەکەوتوون و هەموویان دراونەتە تورکمانى شیعە.
 
لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەکانى عێراق، لە 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، لیستى بەرەى تورکمانیی یەکگرتوو کە بە نوێنەرى تورکمانى سوننە ناسراون، 75 هەزار و 166 دەنگى بەدەستهێناوە، دوو ئەندامى ئەنجوومەنیان هەیە، لیستى کەرکووکونا کە بە لیستى تورکمانى شیعەى کەرکووک ناسرابوون 22 هەزار و 702 دەنگیان بەدەستهێناوە، بەبێ ئەوەى کورسیی ئەنجوومەن مسۆگەر بکات.
 
لەسەر ئاستى پۆستەکانى دیکە، کە بەڕێوەبەرى گشتى، دەستە، بەڕێوەبەرى کۆمپانیا، بەڕێوەبەرایەتییەکانى دیکە، یەکە ئەمنى و سەربازییە سەرەکییەکان دەگرێتەوە و 25 پۆستن، زۆرینەیان بەدەست عەرەبەوەن، کە 14 پۆستە و دەکاتە کە 56%. 
 
هەر لەو 25 پۆستە، حەوتیان بەدەست کوردەوەن واتە  28%، تورکمانیش چوار پۆستیان بەدەستەوەیە و دەکاتە 16%، بەڵا، لەو چوار پۆستەی تورکمان سیانیان بەدەست تورکمانى شیعە و چوارەمیان بەدەست تورکمانى سوننەوەیە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە