سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی دەستی لەکار کێشایەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی دەڵێت، "دوای بڵاوبوونەوەی ئەنجامە دیزاینکراوەکەی هەڵبژاردن، بڕیارم دا دەست لە پۆستی سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی نیشتمانی بکێشمەوە".
ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئارام قادر، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، "لەبەر ئەو ئەنجامە دیزاینکراوەی هەڵبژاردن کە بۆی کرا، وەک نەریتێکی رۆژئاوایی بڕیارم دا دەستلەکارکێشانەوەم لە پۆستی سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی نیشتمانی رابگەیێنم".
ئارام قادر گوتیشی، "حیزبەکانی بەریتانیا کاتێک لە هەڵبژاردنێکدا براوە نابن، سەرۆکەکانیان دەستلەکاردەکێشنەوە. ئێمەش لەو سۆنگەیەوە و دوای دوو رۆژ راوێژکردن، بڕیارماندا دیاری کەریم ئەحمەد وەکو سەرۆکی نوێی هاوپەیمانیی نیشتمانی دیاری بکەین".
ئارام قادر باس لەوە دەکات، "هەرگیز لە کار و چالاکی سیاسی دوورناکەومەوە و هەر لەم هاوپەیمانێتییەدا دەمێنمەوە. بە هیچ جۆرێک دەستبەرداری فیکر و بنەمای کاری حیزبەکەم نابم، بەڵکو لە داهاتووشدا چالاکانەتر لە خزمەتکردن بەردەوام دەبم".
دوێنی دووشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە راگەیێندرا.
هیچکام لە بەربژێرانی هاوپەیمانیی نیشتمانی نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ مسۆگەرکردنی کورسییەک بەدەستبهێنن و هاوپەیمانێتییەکە تەنیا هەزار و 228 دەنگی بەدەستهێنا.