بەشێکی دیکەی پارەی گەنمی جووتیارانی سنە خەرجکرا

22-10-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی حکومی لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ زیاتر لە یەک تریلیۆن و 680 ملیار تمەن لە پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە خراوەتە سەر هەژماری بانکیی جووتیاران.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2024 جەمال ساڵحی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی حکومی لە پارێزگای سنە رایگەیاند، ئەم ساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن و 170 هەزار تۆن گەنم، بایی زیاتر لە 20 تریلیۆن و 800 ملیار تمەن، لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە.
 
جەمال ساڵحی گوتی، لە چەند مانگی رابردوودا بە هەشت قۆناخ پارەی گەنمی جووتیاران خەرجکرابوو و ئەمڕۆش لە قۆناخی نۆیەمدا زیاتر لە یەک تریلیۆن و 680 ملیار تمەن خرایە سەر هەژماری بانکیی جووتیاران.
 
بە گوتەی جەمال ساڵحی، تاوەکو ئیستا 13 تریلیۆن و 532 ملیار تمەن لە پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگای سنە خەرجکراوە و 7 تریلیۆن و 297 ملیار تمەنیش ماوە کە لە رۆژانی داهاتوودا خەرج دەکرێت.
 
هاوکات هەر ئەمڕۆ حەمید پوورمحەممەدی، سەرۆکی رێکخراوی بەرنامە و بودجەی ئێران رایگەیاند، رێکارەکان بۆ خەرجکردنی هەموو پارەی گەنمی جووتیاران تەواو کراون و تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە پارەکە دەدەنە جووتیاران.
 
حکومەتی ئێران بۆ ئەم ساڵ یەک کیلۆ گەنم بە 17 هەزار و 500 تمەن (30 سەنت) لە جووتیاران کڕی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە