لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە هەرسینی کرماشان کەسێک گیانی لەدەستدا و 6ی دیکە بریندار بوون

22-10-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە شاری هەرسینی رۆژهەڵاتی کوردستان، هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا و شەشی دیکەش بریندار بوون.
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2024، لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە شاری هەرسینی سەر بە پارێزگای کرماشان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری پراید و پیجۆ پێکیاندادا. رووداوەکە لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان شاری هەرسینی کرماشان و نوورئاوای لوڕستان روویداوە.
 
محەممەد بەخشی، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی شاری هەرسین رایگەیاند، لە رووداوەکەدا هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا و شەشی دیکەش بریندار بوون.
 
بە گوتەی محەممەد بەخشی، بریندارانی رووداوەکە لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهیدانی هەرسین گوێزراونەتەوە.
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممەش لە رووداوێکی دیکەدا لەسەر رێگەی نێوان هەرسین - کرماشان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پراید لە رێڕەوی خۆی دەرچوو و وەڕگەڕا، بەوهۆیەوە دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا.
 
رۆژی 16-09-2024، بێهتاش خانی ئاباد، بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-08-2024 لە سنووری ئەو پارێزگایە 226 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 4 هەزار و 859 کەسیش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە