کۆمپانیایەکی ئەمریکی بووە ئەندامی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور-APIKUR) رایگەیاند، کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی لە بواری نەوت و گاز، بووەتە ئەندامی کۆمەڵەکە و دەشڵێت، "یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی کەرتی تایبەت لە ئەمریکا."
لە راگەیێندراوەکەی ئەپیکور کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-10-2023، بڵاویکردەوە هاتووە، کۆمپانیای هەنت ئۆیڵ میدڵ ئیست (Hunt Oil Middle East Limited) بووە شەشەمین کۆمپانیای نێودەوڵەتیی نەوت، وەکو ئەندامی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان.
کۆمپانیاکە، لە ساڵی 2007ـەوە نەوتی لە ئەمریکا و هەرێمی کوردستان بەرهەمهێناوە و بەدوایدا گەڕاوە. هاوکات لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا وەبەرهێنانی بەرچاوی لە بواری نەوت و گازدا کردووە و چەندین بیری نەوتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەمریکا و هەرێمی کوردستان هەڵکەندووە.
بەگوێرەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای هەنت ئۆیڵ بە رێژەی 81٪ـی کارمەندەکانی ناوخۆیین و 19٪یشی بیانین.
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور-APIKUR) کۆمەڵەیەکی وەبەرهێنانی بواری نەوت و گازە. لە مانگی شوباتی 2023 لەلایەن کۆمپانیاکانی DNO، Genel Energy، Gulf Keystone Petroleum، HKN Energy و ShaMaran Petroleum دامەزراوە. ئەم کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی نەوت و گاز، لە هەرێمی کوردستان چالاکن.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان - ئەپیکور، لەبارەی کۆمەڵەکەیەوە دەڵێت "ئامانجمان راکێشانی سەرنجی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و گاز، وەبەرهێنەر و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزارییە تاوەکو هەرێمی کوردستان بکەنە شوێنی وەبەرهێنان."