بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان کەسێک گیانیلەدەستدا

هەولێر دیجیتاڵ

لە ناوەندی شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بیسترا و  ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، ئۆتۆمبێلێک تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و کەسێکیش بریندارە.
 
ئەمرۆ یەکشەممە، 22-10-2023، لە رێگەی سەرەکیی گەڕەکی کۆڕنیشی شاری قامشلۆ و لە نزیک فولکەی قووەتلی، ئۆتۆمبێلێک تەقییەوە. دوای تەقینەوەکە، هێزەکانی ئاسایشی شاری قامشلۆ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و چواردەوری شوێنەکەیان دا، هەروەها تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەمەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد. 
 
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا (ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان) لەبارەی رووداوەکەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، "دوای نیوەرۆ لە شاری قامشلۆ ئۆتۆمبێلێکی جۆری جیپ هیواندای تەقییەوە و لە ئەنجامدا ژنێک گیانی لەدەستدا و پیاوێکیش بریندار بوو دواتر بریندارەکە گواستراوەتەوە نەخۆشخانە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هێزەکانمان چواردەوری شوێنی تەقینەوەکەیان دا و بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان، لە شوێنەکە دووریان خستوونەتەوە، دوای کووژاندنەوەی ئاگری ئۆتۆمبێلەکەش بینرا کە مینێک لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا ماوە و هێشتا نەتەقیوەتەوە، بۆیەش مینەکە لە لایەن تیمێکی پسپوورمانەوە پووچەڵکرایەوە."
 
ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، کە لێکۆڵینەوەیان لەبارەی رووداوەکەی ئەمڕۆ دەستپێکردووە و ‌هێزەکانیان هەوڵ دەدەن ئەو کەسانەی لە پشت رووداوەکەن دەستگیریان بکەن و رادەستی دادگەیان بکەن بۆ ئەوەی بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.