لەگەڵ رەنج؛ بەشێكی زۆری ‏كارگەكانی ‏كوردستان ‏دادەخرێن ‌و ‏سەتان ‏كرێكار ‏بێكار دەبن ‏

رووداو دیجیتاڵ 

کەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان بەرەو پووکانەوە دەچێت، وەبەرهێنەران گرانکردنی نرخی کارەبا و کرێی زەوی بە هۆکار دەزانن. جێگری سەرۆكی ‏رێكخراوی ‏خاوەن ‏كارگەكانی ‏كوردستانیش دەڵێت، تەنیا لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 60٪ـی کارگەکان داخراون و 20٪ـی دیکەش لە بەردەم داخستنن، بە گوتەی بریكاری وەزارەتی ‏بازرگانی ‌و ‏پیشەسازی، ئێستا حکومەت لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارگەکان.
 
رۆژی یەکشەممە، 22ـی ئابی 2023 بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی عەلی عوسمان، بریكاری وەزارەتی ‏بازرگانی ‌و ‏پیشەسازی‏‏؛ ‏مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆكی‏ ‏یەكێتیی هاوردە ‏و ‏ناردنكارانی ‏‏هەرێمی ‏‏‏‏كوردستان؛ ئارام ‏بابان، ‏جێگری ‏سەرۆكی ‏رێكخراوی ‏خاوەن ‏كارگەكانی ‏كوردستان و ئەیوب یەعقوب، نوێنەری خاوەن كارگەكانی شیش ‌و ‏ئاسن‏ هۆکارەکانی پاشەکشێکردنی کەرتی پیشەسازی داخستنی کارگەکانی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێکرد.
 
 
پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان "مەترسی گەورەی لەسەرە"
 
بریكاری وەزارەتی ‏بازرگانی ‌و ‏پیشەسازی‏‏ پێیوایە پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە و تاوەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوی لەسەر هەناردەکردنی نەوت و داهاتی دەروازەکانەوە هەڵنەگرێت و نەیخاتە سەر کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ، ئەو مەترسییە ناڕەوێتەوە.
 
عەلی عوسمان، بریكاری وەزارەتی ‏بازرگانی ‌و ‏پیشەسازی‏‏ رایگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان یاسای پاڵپشتیی بەرهەمهێنان هەیە، بەڵام زۆربەی ئەو کارگانەی دەستبەکار دەبن، نایەن لە وەزارەت دەستکەوتی ئابووریی پرۆژەکەیان پێشکێش بکەن بۆ ئەوەی پاڵپشتی بکرێن، ئێستا کارگەکانی شیش لە هەرێمی کوردستان 30٪ پاڵپشتی حکومەت وەردەگرن".
 
عەلی عوسمان دەڵێت؛ "ئەو ئامارەی بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت دوو هەزار و 312 کارگە داخراون راست نییە، لەو ژمارەیە هەزار و 300 کارگەیان مۆڵەتی کارکردنیان تەواو نەکردووە، بەگشتی چوار هەزار و 852 کارگە لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی فەرمییان هەیە، لەو ژمارەیە 2 هەزار و 312 کارگەیان کارناکەن و 2 هەزار و 540 کارگەیان کار دەکات
 
بریكاری وەزارەتی ‏بازرگانی ‌و ‏پیشەسازی‏‏ گوتی: "پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە، لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رابردوودا بەردەوام چاویان لەسەر فرۆشتنی نەوت داهاتی خاڵە سنوورییەکان بووە، تاوەکو ئەو تێڕوانینە نەگۆڕێت بۆ کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتو گوزار، ناتوانین ببین بە خاوەن پیسەسازییەکی سەرکەوتوو".

 

 
لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی "تاوتوێی دۆخی خاوەن کارگەکان دەکات"
 
بریكاری وەزارەتی ‏بازرگانی ‌و ‏پیشەسازی لەبارەی گرانیی نرخی کارەبا، کرێی زەوی، وەرگرتنی پارەی پشکنینی کەرەستەی کارگەکان، پاڵپشتی و سووتەمەنی بۆ کارگەکان دەڵێت، حکومەت لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیران پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە.
 
عەلی عوسمان دەڵێت: "سێ لیژنەمان پێکهێنابوو بۆ ئەوەی نرخی کارەبا کەم ببێتەوە، لە وەزارەتی کارەبا ویستیان نرخی یەکەیەکی کارەبا بۆ 90 دینار دابەزێنن، بەڵام ئێمە رازی نەبووین، لەبەر ئەوەی لە عێراق نرخی یەکەی کارەبا بە 60 دینارە و ئێمەش داوامان کردووە نرخەکەی هاوشێوەی عێراقی لێبێت".
 
بە گوتەی بریكاری وەزارەتی ‏بازرگانی ‌و ‏پیشەسازی، "ئێستا حکومەت لیژنەیەکی پێکهێناوە بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەی چارەسەری گرفتی نرخی کارەبا، وەرگرتنی پارەی پشکنینی کەرەستەی کارگەکان، پاڵپشتی و سووتەمەنی کارگەکان بکەن، ئەگەر ئەو گرفتانە جێبەجێ بکرێن، کارگەکانی هەرێمی کوردستان کێشەیان نامێنێت".
 
عەلی عوسمان پێیوایە تاوەکو ئێستا ناوچەی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان نییە و دەشڵێت؛ "سەرقاڵی ئەوەین لە سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر و دهۆک ناوچەی پیشەسازی بە شێوەی سەردەم دروستبکەین و ئێستا لە قۆناخی دەرکردنی رێنمایی نوێین بۆ ئەوەی بتوانین بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت دروستیان بکەین".
 
 
پاشەکشێی بازرگانی "لە ساڵی 2017ـەوە" لە هەرێمی کوردستان 
 
‏سەرۆكی‏ ‏یەكێتیی هاوردە ‏و ‏ناردنكارانی ‏‏هەرێمی ‏‏‏‏كوردستان رایگەیاند: "پاشەکشێی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە" و هۆکاری ئەو پاشەکشێیەش دەگەڕێنێتەوە بۆ جیددیبوونی حکومەت لە جێبەجێکردنی پێناسی گومرگی.
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆكی‏ ‏یەكێتیی هاوردە ‏و ‏ناردنكارانی ‏‏هەرێمی ‏‏‏‏كوردستان دەڵێت: "ئێمە چاوەڕێ بووین کارگە و کارخانەی گەورە لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە و بگەینە قۆناخێکی تازەتر لە پیشەسازی، کارگەیەکی زۆر کرانەوە و گەیشتینە ئەو قۆناخەی دەست بە بەرهەمهێنان بکەین، بەڵام حکومەتی عێراق پیلانی بۆ هەرێمی کوردستان داڕشت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش خۆی بووە یارمەتیدەر بۆ سەرگرتنی ئەو پیلانەی بەغدا".
 
لەبارەی هۆکاری پاشەکشێکردنی بازرگانی هەرێمی کوردستان سەرۆكی‏ ‏یەكێتیی هاوردە ‏و ‏ناردنكارانی ‏‏هەرێمی ‏‏‏‏كوردستان پێیوایە لە 17-02-2017 ئەم پاشەکشێیە دەستی پێکردووە و دەشڵێت: "لەو کاتەوە کە هاوئاهەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبواری پێناسی گومرگی دەستیپێکرد، حکومەتی عێراق ئاسانکارییەکانی بۆ وەبەرهێنەر و بازرگانان لەڕووی پیشەسازی، کشتوکاڵی و بازرگانی زیاتر کرد، ئەو بەرەوپێشچوونەی حکومەتی عێراقیش بەهۆی ئەو ئاسانکارییانەیە کە کردوویانە".
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان دووپاتیدەکاتەوە، "پێش ئەو رێککەوتنە، لە دەروازە سنوورییەکانی باشماخ، حاجی ئۆمەران، ئیبراهیم خەلیل و پەروێزخان زۆرترین کاڵا دەهاتە هەرێمی کوردستان و بووبووین بە ناوەندێکی بازرگانی بۆ هەموو عێراق و تەنانەت عەرەبەکانیش لەو دەروازە سنوورییانەوە کاڵایان هاوردە دەکرد، بەڵام لەدوای رێکخستنی پێناسی گومرگی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەو هاوسەنگییە تێکچوو، لەبەر ئەوەی ئەوکات پێناسی گومرگی هەرێمی کوردستان زۆر کەمتر بوو لە گومرگی عێراق".
 
بە گوتەی سەرۆكی‏ ‏یەكێتیی هاوردە ‏و ‏ناردنكارانی ‏‏هەرێمی ‏‏‏‏كوردستان؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ بەغدا زۆر بە جیددی وەرگرت، لەملاوە حکومەتی عێراقیش ئاسانکارییەکی وای بۆ بازرگان و هاوردەکاران کرد کە سەرنجی هەموانی بۆلای خۆی راکێشا و ئێستا 95٪ـی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان چوون بۆ بەسرە".
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان باس لە هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لەو پاشەکشێ بازرگانییەی هەرێمی کوردستان دەکات و وەکو ئاماژەی پێدەدات؛ "دوو ساڵە بە بەردەوامی راپۆرت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرزدەکەینەوە کە هەموو کۆمپانیاکانی گواستنەوەی سنوورەکانی خۆمان چوون بۆ عێراق  و هۆکاریش ئەوەیە، لەوێ ئاسانکاریی زۆریان بۆ دەکرێت."
 
 
هەرێمی کوردستان "95٪ـی پێداویستییەکانی هاوردە دەکات"
 
بەگوێرەی داتاکانی سەرۆكی‏ ‏یەكێتیی هاوردە ‏و ‏ناردنكارانی ‏‏هەرێمی ‏‏‏‏كوردستان 95٪ـی پێداویستییە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە هاوردە دەکرێن و لەبارەی قەبارەی هەناردەکردنیش دەڵێت، جگە لە هەندێک بەرهەمی کشتوکاڵ، شتێکی ئەوتۆ نییە هەناردەی بکەین.
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان دەڵێت؛ "هەرێمی کوردستان لە چیمەنتۆ 100٪ پشتی بە خۆی بەستووە، لە شیش و شیرەمەنیش 50٪ پشتی بە خۆی بەستووە، بەڵام بۆ پێداویستییەکانی دیکە، بە هیچ شێوەیەک پشتمان بەخۆمان نەبەستووە و 95٪ـی پێداویستییەکانمان هاوردە دەکەین و جگە لە هەندێک بەرتوبوومی کشتوکاڵیش شتێکی ئەوتۆمان نییە هەناردەی بکەین.
 
خاوەن کارگەکان بەدەست "رۆتیناتەوە دەناڵێنن"
جێگری ‏سەرۆكی ‏رێكخراوی ‏خاوەن ‏كارگەكانی ‏كوردستان باس لە کێشەی رۆتیناتی حکومەت بۆ راییکردنی کارەکانیان دەکات و دەڵێت، هیچ وەزارەتێک خۆ لە کێشەکانیان ناکەن بە خاوەن و داوای پێکهێنانی ژوورێکی هاوبەش دەکات بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان.
 
ئارام ‏بابان، ‏جێگری ‏سەرۆكی ‏رێكخراوی ‏خاوەن ‏كارگەكانی ‏كوردستان دەڵێت: "سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوشاریان خستووەتە سەرمان، پێویستیمان بە ژوورێکی ئۆپەراسیۆنە کە بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتەکانی تێدابێت بۆ ئەوەی لەو ژوورەدا کێشەکانمان چارەسەر بکرێن. خاوەن کارگە هەر کێشەیەکی هەبێت لەم وەزارەتەوە رەوانەی وەزارەتەکەی دیکەی دەکەن و کەس خۆی ناکات بە خاوەنی کێشەکە".
 
لە سلێمانی "60٪ـی کارگەکان داخراون"
 
‏جێگری ‏سەرۆكی ‏رێكخراوی ‏خاوەن ‏كارگەكانی ‏كوردستان باس لەوە دەکات، "لە سلێمانی رۆژانە کارگەکان پەیاممان بۆ دەنێرن و ئاگادارمان دەکەنەوە کە کارگەکانیان دادەخەن. هەر لە دەوروبەری خۆم لە 10 کارگە ئێستا دووانیان کار دەکەن و ئەوانی دیکە سەرجەمیان داخراون."
 
ئارام بابان پێیوایە، "حکومەت پلانی هەیە بۆ داخستنی سەرجەم کارگەکانی هەرێمی کوردستان. فۆڕمی 250 کارگەم لایە بە بەڵگە دەریدەخەن هۆکاری داخستنیان چییە، خاوەن کارگەیەک هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی بکەوێتە سەر سکە، بەڵام وای لێدەکەن رابکات یان کارگەکەی دابخات".
 
بەگوێرەی ئاماری ‏جێگری ‏سەرۆكی ‏رێكخراوی ‏خاوەن ‏كارگەكانی ‏كوردستان، " 60٪ـی کارگەکانی پارێزگای سلێمانی داخراون و نزیکەی 20٪ـی دیکەشیان لە داخستن نزیکن" و دەشڵێت؛ "نزیکەی سێ هەزار کەس بێکار بوون، وەبەرهێن بە نیازی ئەوە کارگە دەکاتەوە سوودی لێ ببینێت، بەڵام کەسانێک لەناو ژوورەکانی وەزارەتدا رێنماییەک دەردەکەن کە لە ژیانیان نێو کارگەیان نەبینیوە".
 
ئارام بابان پێیوایە؛ "تاوەکو زیاتر هاوار بکەین حکومەت زیاتر نرخەکانمان لەسەر گران دەکات، ئێستا رێنماییەکی نوێیان دەکردووە هەر کارگەیەک کەرەستەی خاوی پاککەرەوەکان بهێنێت، دەبێت بۆ هەر تۆنێک 25 دۆلار بدات بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان".
 
 
حکومەت بەبێ راوێژی کارگەکان "نرخی کارەبای لەسەر گران کردووین"
 
نوێنەری خاوەن كارگەكانی شیش ‌و ‏ئاسن‏ باس لە گرانبوونی نرخی کارەبای کارگەکان دەکات و دەڵێت لە 20 دینارەوە کرایە 75 دینار، کاتێک ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، حکومەت بەبێ ئاگادارکردنەوەیان نرخەکەی گەیاندووەتە 120 دینار.
 
ئەیوب یەعقوب، نوێنەری خاوەن كارگەكانی شیش ‌و ‏ئاسن گوتی: "سەرەتا کە کارگەکانمان دامەزراند، نرخی کارەبا بە 20 دینار بوو، بەڵام دواتر کارەبا تا ئاستی 75 دینار بەرزبوویەوە، ئێمە ناڕەزایەتیمان دەربڕی و چاوەڕوانی دابەزینی بووین، بەڵام حکومەت بەبێ ئەوەی رەچاوی ئەو ناڕەزایەتییەمان بکات و بێ گەڕانەوە بۆ ئێمە نرخی کارەبای گەیاندە 120 دینار".
 
ئەیوب یەعقوب دەشڵێت: "کارگەکان ناتوانن سوودی ئابوورییان بە دروستی دەربخەن، لەبەر ئەوەی کاتێک کارگەیان داناوە، کارەبا بە 20 دینار بووە و دواتر لەپڕ بە ماوەیەک گەیشتووەتە 120 دینار، بەبێ ئەوەی راوێژیان پێ کرابێت".