لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ئامەدی باکووری کوردستان شەش کەس برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2023، لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان شارۆچکەکانی گێل- ئەرخەنێ لە نزیک گوندی کاڵکان لە ئامەدی باکووری کوردستان، ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و بەهۆیەوە شەش کەس برینداربوون.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای ئامەد هۆکاری رووداوەکەی بۆ تیژڕۆیی گەڕاندەوە کە بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلەکە کۆنترۆڵی لەدەستدا و سەرنیشینەکان بە سەختی بریندار بوون.
سەرجەم بریندارەکان گواسترانەوە نزیکترین نەخۆشخانەی شارۆچکەی ئەرخەنێ و بەپێی زانیارییەکان سێ کەسییان تەندروستییان ناجێگیرە و بەپەلە گواستراونەتەوە نەخۆشخانەی گشتیی ئامەد.
رۆژی 8ـی تشرینی یەکەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، ئاماری نۆ مانگی رووداوەکانی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 411 هەزار و 675 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ بەهۆیەوە دوو هەزار و 253 کەس گیانیان لەدەستداوە و 269 هەزار و 91 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.