رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو، لە بازاڕی جووت قاوەی شاری کەرکووک کەسێک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر دووکاندارێک و 17 چەقۆی لێدا و گیانی لەدەستدا، هەمان شەو لە گەڕەکێکی دیکەی ئەو شارە بە چەقۆ هێرشکرایە سەر کەسێکی دیکە و کوشتی و بەپێی گوتەی پۆلیسیش، هەردوو تاوانەکە هەمان کەس ئەنجامی داوە.
دیمەنی ساتی هێرشەکە لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە تۆمارکراوە و بە رووداو گەیشتووە، لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، بکووژەکە بە هێمنی دێتە دووکانەکەوە و کاتێک لە وریا عاسی تەمەن 68 ساڵ کە خاوەنی دووکانەکەیە، نزیک دەبێتەوە، هێرش دەکاتەسەری و بەپێی زانیارییەکان 17 چەقۆی لێدەدات و دەیکوژێت.
کەسوکاری وریا عاسی بۆ رووداو قسەیان کرد و گوتیان، کووشتنی کوڕەکەیان بە غەدر بووە و هیچ شتێک بە هۆکاری ئەو هێرشە دڕندانە نازانن، لەبارەی ناسنامەی بکووژەکەوە باسیان لەوەکرد کە ئەوان نایناسن و زانیارییان لەبارەوە نییە.
سەرکەوت عاسی، برای کوژراوەکەیە، باسی کوشتنی براکەی کرد و گوتی، بکووژەکە هاتووە پرسیاری دووکانەکەی کردووە دواتر چووەتە ژوورەوە و کوشتوویەتی و رۆشتووە، گەر هەر تاوانێکی کردبێت، نەدەبوو بەو شێوەیە بکوژرایە."
چەند کاژێرێک دوای کوشتنی وریا لە گەڕەکێکی دیکەی کەرکووک پیاوێکی دیکە بەناوی کاوە محەمەد کە تەمەنی42 ساڵ بوو هەربە چەقۆ هێرشی کرایە سەر و گیانی لەدەستدا.
چالاک عەبدلعەزیز، ئامۆزای کاوەیە لەبارەی رووداوەکەوە گوتی، دوو ساڵ پێش ئێستا ناکۆکی هەبووە لە نێوانیان، ئەو کاتە سوڵح کرا و ئاشت بوونەوە هیچ نەما لە نێوانیان. بەڵام بەم شێوەیە دڕندانە هێرشی کردووەتە سەری کوشتوویەتی، بە دیاریکراوی نازانین چەند چەقۆی لێداوە بەڵام نزیکەی 10 بۆ 12 چەقۆ دەبێت، خۆم بینیم چەند بە دڕندانە لێی دابوو."
کەسوکاری کاوە لەنزیک ماڵی خۆیان و شوێنی رووداوەکە پرسەیان بۆ کوڕەکەیان دانا، دوای نزیکەی 15 کاژێر لە رووداوەکەش هێزە ئەمنییەکان رایانگەیاند، کە بکوژەکە دەستگیرکراوە.
لە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی بکوژەکە دانی بە تاوانەکەدا ناوە و گوتویەتی هەردوو کوشتنەکە ئەو ئەنجامی داوە بەڵام پەیوەندییان بەیەکەوە نییە.
لیوا کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، "لە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی و دانپێدانانی بکوژەکە، دەرکەوتووە کێشەی لەگەڵ وریا لەسەر مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی موەلیدەیەک بووە و گوایە بکووژ پارەی لای وریا ماوە و پێی نەداوەتەوە، دووای رووداوی یەکەم ماددەی کهولی خواردووەتەوە و بەدوای کاوەش کەوتووە کە چەند ساڵێک لەمەوبەر مامەڵەی کڕینی ئاژەڵ لەنێوانیان بووە و بەهەمان شێوە پارەی لای ئەویش بووە و بە گوتەی خۆی، پێی نەدراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ