رووداو دیجیتاڵ
چوار هاووڵاتیی سوودانی لە ساڵی 2013 بەمەبەستی کارکردن لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە بەغداوە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، دوای وەستانی پڕۆژەکە، بێکار ماونەتەوە و ناشتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. کۆنسوڵی سوودان لە عێراق دەڵێت، بۆ چارەسەریی کێشەکەیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵن، بۆ مانەوەشیان هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ کراوە.
رۆژی یەکشەممە، 22-10-2023، عەبدوڵڵا هاروون، کرێکاری سوودانی، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە رێبوار عەلی پێشکێشی دەکات گوتی: "ماوەی 10 ساڵە لە هەرێمی کوردستانین. دوای سێ ساڵ کارکردن لە پڕۆژەی دەشتی بەهەشت، کارەکانی وەستا و بێکار ماوینەتەوە و پارەشمان لەنێو پڕۆژەکە ماوە. سەردانی دەستەی وەبەرهێنانمان کرد گوتیان وەک پاسەوان لە پڕۆژەکە بمێننەوە، هەرکاتێک کۆمپانیا دەستبەکاربوو، مافەکانتان وەردەگرن".
سەرەتای هاتنیان لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان، نزیکەی 70 کرێکاری سوودانی بوون، دوای وەستانی کارەکانی کۆمپانیا و پڕۆژەکە، زۆربەیان گەڕاونەتەوە سوودان. دوو لە کرێکارەکان لەنێو پڕۆژەکە گیانیان لەدەستداوە و لە کەسنەزان و پیرڕەش بەخاک سپێردراون. ئێستا تەنیا چوار کرێکار ماونەتەوە و یەکێکیان نەخۆشە.
عەبدوڵڵا هاروون دەڵێت، لە وڵاتەکەمان شەڕ هەیە و لێرەش مافمان خوراوە. "ئێستا دەمانەوێت هاوڕێ نەخۆشەکەمان بگەڕێنرێتەوە و هەر کات دۆخی وڵاتمان هێور بووەوە ئەوکات ئێمەش دەگەڕێینەوە".
ئەو چوار کرێکارە بۆ چارەسەری کێشەکەیان چەندجارێک سەردانی کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەیان کردووە و هیچ چارەیەکیان بۆ نەکراوە. ئێستا دوو لە هاووڵاتییە سوودانییەکان کرێکاری دەکەن و بژێوییان دابیندەکەن.
عەبدولـلەتیف مستەفا، کۆنسوڵ لە باڵیۆزخانەی سوودان لە عێراق، دەڵێت: "ئاگاداری دۆخی ئەو چوار هاونیشتمانییەمانین و چەند جارێک دیدارمان لەگەڵیان هەبووە. ئەوان ئێستا نایانەوێت بگەڕێنەوە و تەنیا ئەو هاوڕێ نەخۆشەیان دەیەوێت بگەڕێتەوە، بۆ ئەمەش لەسەر هێڵین لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و بەغدا و رێککارەکانی گەڕانەوە تەواونەبوون. هەوڵیشمان بەردەوامە بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانیان".
بە گوتەی ئەو کۆنسوڵەی سوودان لە عێراق، سەرووی 100 هاووڵاتیی سوودان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن کە زۆرترینیان لە هەولێرن. عەبدولـلەتیف مستەفا دەڵێت: "ئاسانکاری بۆ ئەو چوار هاووڵاتییەمان کراوە و مافی نیشتەجێبوونی کاتییان هەیە بمێننەوە تاوەکو ئەو کاتەی دەگەڕێنەوە سوودان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ