لە مەخموور شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە دروستبوو

رووداو دیجیتاڵ 

لە سنووری قەزای مەخموور شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە دروستبووە و قوربانی لە هەردوولا هەن.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کاژێر 4:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-10-2023، شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە دروستبووە و چەند پێشمەرگەیەک بریندارن و زیانیش بە سوپای عێراق کەوتووە.
 
شەڕەکە لەنێوان پێشمەرگە و ئەو هێزەی سوپای عێراق روویداوە کە هەفتەی رابردوو چەند خاڵ و سەنگەرێکیان لە گەریلاکانی پەکەکە وەرگرتەوە. 
 
رۆژی 19-10-2023، هێزەکانی فیرقەی 14ـی سوپای عێراق چوار خاڵی سەربازیی چاودێرییان لەسەر چیای قەرەچووخ لە پەکەکە وەرگرتەوە کە بەپێی رێککەوتنێک لەلایەن سوپای عێراق وەرگیرایەوە.
 
بەپێی زانیارییەکان، دواتر هێزێکی سوپای عێراق لە خاڵە سەربازییەکان جێگیرکراون.
 
رووداو زانیویێتی، ئەو چوار خاڵانەی وەرگیراونەتەوە بەهۆی ترسیان لە هێرشی ئاسمانییەوە، کە ساڵێک زیاترە لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە چۆڵکراون، بەڵام ناوە ناوە بەکارهێندراوەتەوە، پێشتر لە هەر خاڵێکدا لەنێوان 8 بۆ 15 کەس هەبوون، لە دوای هێرشەکانی چەکدارانی داعش بۆ پارێزگای نەینەوا لە ساڵی 2014، سوود لەو خاڵانە وەرگیرا بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش.
 
فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (هەپەگە) کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە رۆژی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2023 رایگەیاند، سەرجەم هێزەکانیان لە کەمپی مەخمورەوە کشاندووەتەوە بۆ ناوچەکانی پاراستنی میدیا کە مەبەست لێی قەندیل و ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستانە و دەڵێت "ئێستا لەو کەمپەدا هیچ هێزێکیان نییە."
 
کشانەوەی گەریلا لە کەمپی مەخموور بە گوتەی پەکەکە لە کاتێکدایە، لەم مانگەدا کەمپی مەخموور دووجار لەلایەن تورکیاوە بۆردوومانکراوە.