شارەوانیی کەلار: شەقامێکی 60 مەتری بە گوژمەی 13.5 ملیار دینار دروست دەکرێت

22-10-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
نیشانەکردن کەلار گەرمیان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی کەلار رایدەگەینێت، توانیویانە زیاتر لە 200 هەزار مەتر قیرتاوی شەقامەکانی شارەکە بکەن و ئێستا هەموو گەڕەک و کۆڵانەکانی شارەکە ئاوەڕۆیان بۆکراوە، دەشڵێت، ئێستا شەقامێکی 60 مەتری بە گوژمەی زیاتر لە 13 ملیار دینار لە قۆناخی جێبەجێکردندایە.
 
ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانیی کەلار، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، "سەرەڕایی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجە، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا توانیومانە زیاتر لە 200 هەزار مەتر قیرتاوی نوێ و نۆژەنی شەقام و کۆڵانەکان بکەین لەوانە؛ جووتسایدی ئەندازیاران - رزگاری کە چوار گەڕەک لێی سوودمەند دەبن بە درێژایی زیاتر لە یەک کیلۆمەترە. جووتسایدی گەڕەکی جووتیاران بە درێژایی نزیکەی یەک کیلۆمەتر و جووتسایدی تەنیشت ئیدارەی گەرمیان بۆ ناوچەی پیشەسازی بە درێژایی 1.2 کیلۆمەترە.
 
"هەموو گەڕەکەکان ئاوەڕۆیان بۆ کراوە بەڵام 50٪ـی قیرتاو نەکراوە"
 
سەرۆکی شارەوانیی کەلار دەڵێت، بەشێک لەو پرۆژانەی ئەم ساڵ جێبەجێیان کردووە پرۆژەی دروستکردنی تۆڕی ئاوەڕۆیە بۆ گەڕەکەکان و ئێستا هەموو گەڕەکەکانی شارەکە ئەوانەی لەنێو نەخشەی بنەڕەتییدان تۆڕی ئاوەڕۆیان هەیە.
 
لەبارەی قیرتاوکردنی گەڕەک و کۆڵانەکانی شارەکە، ئەکرەم ساڵح گوتی، کەلار پێکدێت لە نزیکەی 32 گەڕەک، ئێستا بەشێکی گەڕەکەکانی شارەکە قیرتاو و شۆستە نەکراون کە نزیکەی 50٪ـی شارەکە دەکات و لەدوای ساڵی 2012ـوە حەوت گەڕەکی سەرەکی کەلار، پرۆژەی قیرتاوکردنیان راگیراوە، چونکە ئەوە پرۆژەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانن و هێشتا نەبوون بە پرۆژەی سەرۆکایەتی شارەوانی تاوەکو بەگوێرەی بودجەی بەردەست، پارەیان بۆ تەرخان بکەن.
 
گوتیشی، ئەوان بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئەو گەڕەکانەی بەهۆی نەبوونی بودجەوە قیرتاو نەکراون لە قۆناخی یەکەمدا رێگە و شەقامە سەرەکییەکان قیرتاو دەکەن و ئێستا هەموو ئەو شەقام و رێگەیانەی کە جووتسایدن لە کەلار هەمووی قیرتاو کراون چونکە بەشێک لەو شەقامانە زیاتر لە گەرەکێک پێکەوە دەبەستن.
 
ئەکرەم ساڵح ئاماژەی بەوەشكرد، "ئێستا رەزامەندی دراوە لەسەر نۆژەنکردنەوەی شەقامی کەلار- کفری لە فلکەی قەڵای شێروانە تاوەکو بەرزە پردی شێخ محەممەد تاڵەبانی. هەروەها پرۆژەی شەقامی ناوبازاڕ بۆ سەر رووباری سیروان بە سێ قۆناخە، قۆناخی یەکەمی تەواو بووە و کراوەتەوە، لە نزیکترین کاتدا قۆناخی دووەم دەست پێدەکات، قۆناخی سێیەم نزیکەی 11 کیلۆمەترە تاوەکو سەر رووباری سیروان بۆ ئەوەی بکرێتە کۆڕنیش و پرۆژەی گەشتیاری کار دەکەین بۆ ئەوەی لەداهاتوودا جێبەجێی بکەین."
 
"دروستکردنی شەقامێکی 60مەتری بە گوژمەی 13.5 ملیار دینار"
 
شەقامی کەمەربەندی(بازنەیی) لە شاری کەلار سایدی یەکەمی تەواو بووە، ئێستا شارەوانی سەرقاڵی ئەوەیە شەقامەکە بکرێتە جووتساید و ببێتە شەقامێکی 60 مەتری لە شارەکەدا.
 
سەرۆکی شارەوانی کەلار دەڵێت، پرۆژەی دروستکردنی شەقامی 60 مەتری کە سایدی دووەمە بۆ شەقامی کەمەربەندی کەلار، کە نزیکەی 14 کیلۆمەتر درێژە و  لە سێ قۆناخ پێکدێت و نزیکەی 13 ملیار و 500 ملیۆن دیناری تێدەچێت. ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردندایە و لەلایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەکرێت خراوەتە ئەستۆی پرۆژەی وەبەرهێنان، تەواوکردنی هەر سێ قۆناخەکەی لەسەر کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکەیە.
 
لەسنووری ئیدارەی گەرمیان یەک بەرزەپرد هەیە دەکەوێتە نێوان قەزای کەلار و ناحیەی رزگاری دەبێتە چوارڕێیانێک بۆ شەقامی 60 مەتری کەلار، بەڵام تاوەکو ئێستا تەواو نەکراوە.
 
ئەکرەم ساڵح دەڵێت، بەرزەپردی شێخ محەممەد تاڵەبانی، نزیکەی 85٪ کارەکانی تەواو بووە، بودجەکەی نزیکەی سێ ملیۆن و 200 هەزار دۆلارە، ئێستا چینی یەکەمی قیرتاوی بۆ کراوە و لە نزیکترین کاتدا گادرێل بۆ پردەکە دادەنرێت و لەقۆناخی یەکەمدا هاتووچۆ بەسەر پردەکەدا دەکرێتەوە.
 
یەکێک لەو گرفتانەی چەند ساڵێکە بۆ هاتووچۆکردنی شۆفێران لە شەقامی کەمەربەندی شارەکە دروست بووە، لەنزیک گەڕەکی گردەگۆزینە، شەقامەکە نزیکەی 200 مەتری ماوە تەواو بکرێت.
 
سەرۆکی شارەوانیی کەلار دەڵێت، لەنزیک گردەگۆزینە، نزیکەی 200 مەتری ماوە تەواو بکرێت، هۆکارەکەی ئەوە بووە کە 11 ماڵ رێگربووە لەبەردەم پرۆژەکە، "داوامان لە شارەوانی گردەگۆزینە کردووە بەگوێرەی یاسا قەرەبوو بکرێنەوە، ئێستا شەش ماڵیان گرفتەکەیان چارەسەر کراوە و پێنج ماڵ ماوە بۆ ئەوەی گرفتەکە بەتەواوی چارەسەر بکرێت."
 
"رێژەی سەوزایی لە کەلار 17٪ـە"
 
قەزای کەلار کە ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە، یەکێکە لە ناوچە گەرمەکانی باشووری کوردستان، سەرۆکی شارەوانیی شارەکە دەڵێت، ئێستا رێژەی سەوزایی لە کەلار نزیکەی 17٪ دەبێت، بەجۆرێکە 13٪ـی سەوزایی شارەکە ئەو پارک و باخچانەیە کە لەلایەن شارەوانییەوە دروستکراون و 4٪ـیشی دارستانی دەستکردی هەژار و باخی رێگەی کەلار- گردەگۆزینەیە.
 
ئەکرەم ساڵح دەڵێت، "پرۆژەی دروستکردنی پارکێکی گەورە لە کەلار بە رووبەری 150 دۆنم زەوی لەبەردەستماندایە و ئێستا وەزارەتی کشتوکاڵ رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر تەرخانکردنی 122 دۆنم زەوی بۆی و لەگەڵ هەندێک زەوی دیکە کە دەکاتە نزیکەی 150 دۆنم، بەتەواوکردنی پارکەکە رێژەی سەوزایی لە کەلار دەگەینێتە 20٪ کە سەرووی ستانداردی جیهانیە."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، پارکەکە بە چەند قۆناخێک جێبەجێ دەکرێت و هەوڵدەدەن بەگوێرەی بودجەی بەردەست پارەی بۆ تەرخان بکەن.
 
"دابەشکردنی زەوی بەسەر زیندانییانی سیاسی"
 
لە مانگی نیسانی 2021ـوە ژمارەی زەوی (کاتی) دراوەتە نزیکەی 956 کەس لە زیندانییانی سیاسی و رزگاربووانی شاڵاوی ئەنفال، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی گرفتی قەرەبووکردنەوەی جووتیارەکانەوە زەوییەکان رادەستی ئەو کەسانە نەکراوە کە بۆیان دەرچووە.
 
سەرۆکی شارەوانیی کەلار دەڵێت، گرفتی دابەشکردنی زەوی بەسەر زیندانییانی سیاسی لە قۆناخی کۆتاییدایە و لە رابردوودا "613 دۆنم زەوی کوژاندنەوەیان بۆکراوە و خراوتەنە سنووری شارەوانی، ئێستا لیژنەیەک لە کشتوکاڵی گەرمیان پێکهێنراوە بۆ بڕیاردان لەسەر مافی جووتیاران و چاوەڕێی قەرەبووکردنەوەیانین. ئێمە نەخشەی کەرتیمان دیاریکراوە و بەشێوەی ژمارەی هەوایی زەوییەکانمان دابەشکردووە و تەنیا رادەستکردنیان ماوە."
 
"تاوەکو ئێستا کارگەی ریسایکڵین لە گەرمیان نییە"
 
سەرەڕای ئەوەی گەرمیان ناوچەیەکی جوگرافی فراوانە و 2006وە  ئیداره‌ی گه‌رمیان وەکو ئیدارەیەکی سەربەخۆ پێكهێنراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کارگەیەکی ریسایکڵینی زبڵ و خاشاکی لێ نییە.
 
سەرۆکی شارەوانیی کەلار دەڵێت، رۆژانەی لەکاتی ئاساییدا زیاتر 200 تۆن زبڵ و خاشاک لەلایەن کۆمپانیایەکی پاکەوانییەوە کۆ دەکرێتەوە، ئەو زبڵەی کۆ دەکرێتەوە بەشێوەیەکی نەریتی ژێر خاک دەکرێت بەهۆی ئەوەی هیچ کارگەیەکی ریسایکڵینی زبڵ و خاشاک لە سنوورەکەدا نییە.
 
ئەکرەم ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی رابردوودا چەند کۆمپانیایەک داواکارییان پێشکێش کردووە بۆ دروستکردنی کارگەی ریسایکڵین و ئەوانیش نووسراویان بۆ وەزارەتی شارەوانی کردووە، چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی شارەوانین، ئەوەندەی ئاگادارن وەزارەت سەرقاڵی هەڵسەنگاندنە بۆ پرۆژە و دەرخستە پێشکێش کراوەکان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.