لیژنەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان لە سلێمانی: هیچ داواکارییەکی نوێ بۆ تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ وەرناگرین

22-10-2023
محەممەد رەشید
خانوویەکی زیادەڕۆ لە گەڕەکێکی سلێمانی. وێنە: ئەرشیڤ/رووداو
خانوویەکی زیادەڕۆ لە گەڕەکێکی سلێمانی. وێنە: ئەرشیڤ/رووداو
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی
 
سەرۆکی لیژنەی ناوەندی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی چوار مانگی داهاتوودا هەوڵدەدەن پرۆسەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان لە سەنتەری شارەکان تەواو بکەن و قۆناخی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی دەرەوەی شارەکان دەستپێبکەن. دەشڵێت، ئێستا هیچ داواکارییەکی نوێ بۆ تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ وەرناگرن.
 
ماوەی هەفتەیەکە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەستیکردووە بە پرۆسەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان، هەفتانە لە رێگەی لیژنەیەکەوە ئەو کەسانە ئاگادار دەکرێنەوە کە مامەڵەکانیان پەسند کراوە، بۆئەوەی رێکارە یاساییەکانیان تەواو بکەن.
 
دیلمان لەتیف رەشید، سەرۆکی لیژنەی ناوەندی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی سلێمانی، لەکاتی بەشداریکردنی هەواڵەکانی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی سلێمانییەوە پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "لە مانگی شووباتەوە لیژنەکەمان دەستبەکار بووە، بەڵام لە مانگی حوزەیرانەوە دەستمان کردووە بە کارکردنی مەیدانی و نیوەی مامەڵەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی سنووری سلێمانی پێداچوونەوەیان بۆ کراوە، زۆرترین خانووی زێدەڕۆ لە سنووری گەڕەکەکانی (وڵووبە، هەواری شار و بەکرەجۆ)دان."
 
سەرۆکی لیژنەکە گوتیشی، "ئەو خانووە زێدەڕۆییانەی لەسەر زەویی شەقام، باخچە، فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان یان شوێنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دروستکراون، تاپۆ ناکرێن و دەڕووخێندرێن، بە پێدانی زەویی دیکە خاوەنەکانیان قەرەبوو دەکرێنەوە."
 
لەبارەی رووبەری ئەو خانووە زێدەڕۆیانەی تاپۆ دەکرێن، دیلمان لەتیف دەڵێت، "تا رووبەری 200 مەتر بە رسووماتێک زەوییەکە تاپۆ دەکرێت کە یاسا دیاریی کردووە، بەڵام ئەگەر رووبەرەکە زیاتر بوو هەتا دەگاتە 300 مەتر، ئەوا بە نرخی بازاڕ، خەمڵاندن دەکرێت بۆ بڕی زیادەی زەوییەکە و دواتر تۆمار دەکرێت."
 
دیلمان لەتیف ئاماژەی بەوەش دا، لە 09-09-2022دا ماوەی یاسایی داواکردنی بەناوکردنی زەوییە زێدەڕۆکان تەواو بووە، بۆیە "ئێستا هیچ داواکارییەک لە شارەوانی بۆ تاپۆکردنی خانووی دیکە وەرناگیرێت."
 
سەرۆکی لیژنەی ناوەندی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ماوەی چوار مانگی داهاتوودا رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان لە سەنتەری شارەکان تەواو دەکەین، دواتر کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی مامەڵەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی گوندەکان، تاوەکو مانگی ئەیلوولی ساڵی داهاتووش کار بە یاسای بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆکان دەکرێت و هەوڵدەدەین پێش ئەو وادەیە سەرجەم مامەڵەی هاووڵاتیان جێبەجێ بکەین."
 
یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە لە سنووری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان لەسەر كراوە، ژمارە 3ی ساڵی 2019 لە 6ی تەممووزی 2021 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە هەموار کرایەوە و پەسند کرا، بەپێی هەمواری یاساکەش رێژەی 5%ی نرخی خانووەکە وەکو بڕە پارەیەک لە خاوەن ئەو خانووانەی زێدەڕۆن وەردەگیرێت، بۆ تاپۆکردنی خانووەکان.
 
مەرجە سەرەکییەکانی تاپۆکردنی هەر خانوویەکی زێدەڕۆ بریتییە لەوەی "لەسەر موڵکی حکومەت دروستکرابێت، تاوەکو 09-09-2022 داوای تاپۆکردنی کرابێت، پێش 31-12-2020 دروستکرابێت، دەبێت خەڵکی تێدا نیشتەجێ بێت، لە سنووری شارەوانییەکاندا بێت، دەبێت لە دەرەوەی ئاوەدانیی گوند بە نەخشەی کشتوکاڵی دروستکرابێت."
 
خانووی زێدەڕۆ لەسەر چوار بنەما بڕی رسووماتەکەی دەگۆڕدرێت، کە بریتین لە:
 
1- بێ بەرامبەر خانووی زێدەڕۆ تاپۆ دەکرێت بۆ کەسوکاری پلە یەکی شەهیدان و کەمئەندامانی سەنگەر.
 
2- 2%ی بەهای زەوییەکە وەکو رسوومات وەردەگیرێت، بۆ ئەو خانووانەی حکومەتی سەردەمی رژێمی بەعس بە هۆکاری سیاسی رووخاندوونی و خانوویان لەسەر دروستکرابێتەوە.
 
3- %5ی بەهای زەوی وەکو رسوومات وەردەگیرێت، بۆ ئەو خانووانەى پێش جیاکردنەوەی زەوی، واتە پێش ئەوەی لە زەویی کشتوکاڵییەوە بکرێتە زەوییەکی نیشتەجێبوون دروستکرابێت.
 
4- %25ی بەهای زەوی وەکو رسوومات وەردەگیرێت، بۆ ئەو خانووانەی دوای جیاکردنەوە دروستکرابێت.
 
لەدوای جێبەجێکردنی ئەو چوار بنەمایە، ئەگەر خاوەن خانووەکە سوودمەند بووبێت لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی 10%ی دیکەی بەهای زەوییەکەی وەکو رسوومات لێوەردەگیرێت، ئەگەر خاوەن خانووەکەش خۆی لە خانووەکەیدا نیشتەجێ نەبێت، ئەوا 10%ی دیکەش دەچێتە سەر بڕی رسووماتەکە.
 
بەپێی یاساکەی پەرلەمانی کوردستان دەسەڵات بە شارەوانییەکان دراوە خانووەکان بە موزایەدە بفرۆشێتەوە، ئەمەش دەبێتە کێشە بۆ ئەو کەسانەی لەخانووەکاندا نیشتەجێن. تاپۆکردنی خانووە بێ تاپۆکان لە ناو سەنتەری شاری سلێمانییەوە دەستیپێکردووە و دوای تەواوبوونی ئەم قۆناخە دەرەوەی شاریش دەستپێدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

پۆلیسی سلێمانی: لەسەر گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێك کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ دەستگیركرا

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبارێك کە کارمەندە لە فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆ، دەستگیركرا و رادەستی هێزەكانی پۆلیس كرا.