پۆلیسی دارستانی شارباژێڕ: دوو کەس زیاتر لە هەزار داریان بڕیوەتەوە و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی شارباژێڕ دەڵێت، بەهۆی بڕینەوەی زیاتر لە هەزار دار لە گوندی ئاڵاسیاوی سەربە ناحیەی سیتەکی قەزای چوارتای شارباژێڕ، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دوو کەس دەرچووە کە خەڵکی سنوورەکەن و دەشزانن کەسەکان بە مەبەستی بازرگانی بە زەوییەکان و فرۆشتنی دارەکان، ئەو کارەیان کردووە.
 
موقەدەم ئیسماعیل ئیبراهیم، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی شارباژێڕ بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، دوای دەستنیشانکردنی چەند شوێنێک لە لایەن مەفرەزەکانیانەوە و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، بۆیان دەرکەوت کە دوو کەس تۆمەتبارن بە بڕینەوەی دارەکان بە جۆرێک تەنیا یەک کەسیان زیاتر لە هەزار داری بڕیوەتەوە و سێ دۆنم زەوی بە تەواوی لە دار پاککردووەتەوە.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی شارباژێڕ، ئەو دوو کەسە بە مەبەستی کڕین و فرۆشتنی زەوییەکە دارەکانیان بڕیوەتەوە و "ئێمەش دادوەرمان لێ ئاگادار کردووەتەوە و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە." باس لەوەش دەکات، ئەو زەوییانەی دارەکانی لێ بڕاونەتەوە موڵکی دەوڵەتن و بەشێک لە رەگی دارەکانیشیان لە شوێنی خۆیاندا سوتاندووە کە تەمەنی هەندێکیان دەیان ساڵە.
 
بەپێی ئەو بڕیارانەی لەلایەن شارەوانیی سلێمانییەوە لەبارەی شێوازەكانی بڕینەوەی دار دراون، سزاكان بۆ چوار جۆر پۆلێنكراون.
 
یەکەم: هەر هاووڵاتییەک دارێک بە ئەنقەست ببڕێتەوە بە مەبەستی پڕۆژەی بازرگانی، بەپێی تەمەنی دارەکە سزادەرێت، بۆهەر ساڵێک بڕی 350 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت.
 
دووەم: هەر هاووڵاتییەک بەمەبەستی سووتاندن یان بەکارهێنانی، دارێک ببڕێت و دارەکە لە شوێنێکی گشتیدا بێت وەک باخچە و پارکەکان، بە بڕی 150 هەزار دینار سزادەدرێت.
 
سێیەم: هەر درەختێک بۆ نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی هەر دامەرزاوەیەک (بینای بازرگانی یان کارگە و خانوو) ببڕدرێتەوە، بەپێی تەمەنی دارەکە هەر ساڵێک بڕی 250 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت.
 
چوارەم: لەکاتی خۆپێداکێشانی ئۆتۆمبێل یان هەر هۆکارێکی دیکەی نەخوازراو دارێک ببڕدرێتەوە، بکەری رووداوەکە سزادەدرێت بەپێی تەمەنی دارەکە و بۆهەر ساڵێک 100 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت.
 
موقەدەم ئیسماعیل ئیبراهیم، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی شارباژێڕ داوا لە هاونیشتمانییان دەکات پابەندی یاساکانی پۆلیسی دارستان بن و دەتوانن بەپێی رێنماییەکان بەشێوەیەکی زانستی و سەردەمیانە دارەکان هەڵپاچن تاوەکو بتوانن لە زستاندا سوودی لێوەربگرن و سوودیشی بۆ گەشەی درەختەکان دەبێت لە ساڵی ئایندەدا.
 
بەگوتەی موقەدەم ئیسماعیل ئیبراهیم، لەماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە شەش هەزار دار بەشێوەیەکی نایاسایی لە سنووری شارباژێڕ بڕدراونەتەوە و، بەهۆیانەوە دەیان کەس فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و، بەشێکی زۆریان دراونەتە دادگە. هۆشداریش دەدات لەوەی هەرکەسێک بەبێ رێنمایی و بە هەڕەمەکی دار ببڕێتەوە، "لێپرسینەوەی تووند"ـی لەگەڵدا دەکرێت و رێکاری یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر.