ژمارەیەك گوندی خەلیفان مەترسیی چۆڵكردنیان لەسەرە

22-10-2022
رێبوار عەلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی کەمیی خزمەتگوزاریی تێیاندا بەتایبەت خراپیی رێگەوبان، ژمارەیەک گوندی دۆڵی بیاوی سەربە ناحیەی خەلیفان مەترسیی چۆڵبوونیان لەسەرە. بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، "بەمزووانە دەستدەکەین بە چاککردنی رێگەکانی ئەو گوندانە بۆ ئەوەی لە مەترسیی چۆڵبوون بیانپارێزین."
 
دانیشتووانی گوندەکانی بەوركانی و بێخمە، ماڵەموس و كونە سیخوڕ، ساوا و دۆڵە تێسوو لەڕێگەی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو داوایان لە حکومەت کرد کە رێگەی گوندەکانیان چاکبکرێن و دەڵێن، رێگەکان کەڵکی هاتووچۆیان نەماوە و هەرسەردانێک بۆشار ئەنجام بدەن، دەبێ بڕێک پارە لە تووندوتۆڵکردنەوەی ئۆتومبێلەکانیان خەرج بکەن.
 
هەڵكەوت وەڵاشی، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان بە وەكالەت بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "زۆربەی گوندەکانی سنووری خەلیفان کێشەی رێگەوبانیان هەیە، خۆشبەختانە 15ـی ئایاری ئەمساڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بە یاوەری بەڕێوەبەری رێگەوبانی سۆران سەردانێكی مەیدانیی دۆڵی بیاویان کرد و لە نزیكەوە ئەو رێگەیەی بەسەر كردەوە و بەڵێنی چارەسەرکردنی گرفتەکانیدا و داوای كرد دەستبەجێ دەرخستەیان بۆ بكرێت تاوەکو رەزامەندیی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی بۆ وەربگیرێت، چونكە رێگەکە درێژە و بودجەیەکی زۆری پێویستە."
 
بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان گوتی: "لە دوو رۆژی رابردوودا لە کۆبوونەوەیەکدا سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بڕیاری قیرکردنی 10 کیلۆمەتر رێگەی ساوا و پردی دێکێی دەرکرد کە 6 گوند دەکەونەسەر ئەو رێگە سەرەکییە، بەمەش کێشە و گرفتی زۆربەی گوندەکان چارەسەر دەبێت، بەڵام لە هەمانکاتدا چەند گوندێکی دیکە دەمێنن لە سنووری خەلان-بیاو، هەروەها گوندی ماویلیان کە دەرخستەکەی کراوە لە نزیکترین کاتدا بڕیار لەسەر قیرتاوکردنی ئەو رێگەیانەش دەدرێت و ئەگەر کەشوهەوا لەبار بێت لەماوەی دوو مانگدا قیرتاوکردنی رێگەی ئەو گوندانە کۆتایی پێدێت."
 
لەبارەی گرفتە خزمەتگوزارییەکانی دیکەیشەوە بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان بە وەکالەت باسی لەوە کرد، "لە سنووری خەلان-بیاو سێ بنکەی تەندروستیمان هەیە، بڕیاری نۆژەنکردنەوەیان دراوە کە یەکێکیان بنکەی تەندروستیی خەلانە و لە ساڵانی شەستەکان دروستکراوە، لەگەڵ بنکەی تەندروستیی گۆرەز، ئەو بنکە تەندروستییانە دەکەونە ناوەندی گوندەکان و دەتوانن هەموولایەک سوودی لێببینن، هەروەها بڕیارە جیا لە بنکە تەندروستییەکان ژمارەیەک قوتابخانەش نۆژەنبکرێنەوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە