بەرهەمی ترێ لە ئامەد بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە

22-10-2021
کۆسار عوسمان @KassoOsman
لێکردنەوەی ترێ لە باخەکانی ئامەد
لێکردنەوەی ترێ لە باخەکانی ئامەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

شارۆچکەی گیل لە ئامەدی باکووری کوردستان لە بەرهەمی ترێدا پێشەنگە و ساڵانە خەڵک بە مەبەستی کڕینی جۆرە جیاوازەکانی ترێ سەردانی دەکەن. باخەوانان سەرەتا ترێکە دەگوشن و دواتریش ئاوەکەی لە مەنجەڵدا دەکوڵێنن. پاشان بە بەکارهێنانی ئارد، دەیکەینە ھەویر. لە ھەویرە شلەکەوە باسوق، سجوقی بە گوێز و دۆشاوی لێ دروستدەکەن.
 
بەھجەت گۆردوک، باخەوانە و نزیکەی 50 ساڵە لەگەڵ خێزانەکەی سەرقاڵی ئەو کارەن، دەڵێت؛ جاران لە ساڵێکدا لانیکەم 150 کیلۆ بەرهەمیان تەنیا بۆ شاری ئامەد دەبرد، بەڵام ئێستا ئەو بەرهەمە نەماوە.
 
گۆردوک ئاماژە بەوە دەکات، "جاران بۆ نموونە لە باخەکەی خۆماندا ماوەی 20 رۆژ دەماینەوە. رۆژانە دوو مەنجەڵ ترێمان دەکوڵاند کە ماوەکە هەمووی دەیکردە 40 مەنجەڵ. ئێستا رۆژێک، زۆر زۆر دوو رۆژ دەمێنینەوە. دروستکردنی بەرهەم و هەموو شتێکی دیکەی هەمان شێوازی جارانە، بەڵام بەرهەمەکەی 80٪ کەمبووەتەوە."
 
بەرھەمھێنانی باسوق، سجوقی بەگوێز و دۆشاو ئاسان نییە؛ خاوەن بەرهەم بۆ ماوەی چەندین کاژێر بە دیار ئاگرەوە دەوەستێت. 
ئەوان دەڵێن، ئەگەر خۆشەویستی نەبێت، ئەو کارەیان بۆ ناکرێت، بەتایبەتی کە ئێستا بەرهەمەکانیان لە بازاڕدا ئەو پارەیە ناکات کە ماندووبوونەکەیان بیربباتەوە.
 
یەعقوب گۆردوک، باخەوانێکی دیکەیە و دەڵێت، "هەرچەندە زەحمەتی تێدابێت؛ هەرچەندە سەختی تێدابێت، من ئەم پیشەیەم بەلاوە خۆشە و هەر خۆش دەوێت. خەڵکی ئەم ناوچەیە بە گشتی هەمووی بە خۆشەویستییەوە بەرهەمەکان ئامادە دەکەن."
 
بەپێی ئامارەکان، ساڵی رابردوو 213 هەزار تۆن بەرهەمی ترێی باکووری کوردستان و تورکیا هەناردەی 57 وڵات کراوە کە بەهاکەی 158 ملیۆن دۆلار بووە و رووسیا پشکی شێری لەو هەناردەیە بەرکەوتووە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە