ئازاری نەخۆشیی پەککەوتنی جگەر فرمێسک لە چاوی کچێکی 16 ساڵ دێنێت

22-10-2020
فەرهاد دۆڵەمەری
فەرهاد دۆڵەمەری @farhaddolamari
سەهرا وەسمانی 16 ساڵ
سەهرا وەسمانی 16 ساڵ
نیشانەکردن نەخۆشیی جگەر
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

سەهرا کچێکی 16 ساڵە، بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشیی پەککەوتنی جگەر فرمێسکی ئازار بە رووخساریدا دێتە خوارەوە، سەختیی نەخۆشییەکەشی خواردن و خەوتنی لێ کردووە. ئەو کچە مانگێکە تووشی نەخۆشییەکە بووە، پزیشکان پێیان گوتووە، دەبێت بە زووترین کات نەشتەرگەریی چاندنی جگەری بۆ بکرێت، بەڵام خێزانەکەی توانای داراییان نییە.
 
سەهرا وەسمانی 16 ساڵ دەڵێت "پێشتر چاوم زەرد بوو، دواتر لەشم ئەستوور بوو، وایلێهات جلەکانیان لەبەر دەدڕاندم تاوەکو بمگۆڕن، ئێستا دۆخی تەندروستیم خراپە و پێویستم بە نەشتەرگەریی چاندنی جگەرە".
 
رۆژ بە رۆژ دۆخی تەندروستیی سەهرا خراپتر دەبێت و پێویستی بە نەشتەرگەیی خێرایە، تێچووی نەشتەرگەرییەکەی 50 هەزار دۆلار دەبێت، بەڵام بەهۆی خراپیی دۆخی داراییان، باوکی لە توانایدا نییە ئەو نەشتەرگەرییە بۆ کچەکەی بکات.
 
وەسمان یوسف، باوکی سەهرا ئاماژە بەوە دەکات، توانای دارایی نییە ئەو نەشتەرگەرییە بۆ کچەکەی بکات و دەڵێت "ئەوەی هەمبوو هەمووی لێ خەرجکردووە، هەمووان دەڵێن داواکاریمان هەیە بەڵام داواکاریی من زۆر پێویستترە، داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم هاوکاریم بکەن".
 
شەش ساڵ لەمەوبەر خوشکێکی سەهرا بە هەمان نەخۆشی گیانی لەدەستداوە، بەپێی راپۆرتی پزیشکی دەرکەوتووە ئەو نەخۆشییەی سەهرا بۆماوەییە و لەدوای تەمەنی 10 ساڵی نیشانەی نەخۆشییەکەیان لێ دەردەکەوێت، ئێستا خوشکێکی دیکەی هەمان نیشانەی نەخۆشییەکەی ئەوی هەیە.
 
د. محەممەد نیازی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی هەرس و جگەر باسی لەوە کرد، چارەسەری سەرەکی گۆڕینی جگەریەتی "دەبێت بەخشەرێک هەبێت، ئەگەر دوابکەوێت ئەوا کاریگەریی لەسەر مێشک و ئەندامەکانی دیکەی جەستەی دەبێت".
 
باوکی سەهرا بۆ چارەسەر جارێک کچەکەیی بردووەتە دەرەوەی وڵات، بەڵام بێ ئەنجام بووە. وەزارەتی تەندروستی بە وردی نەخۆشییەکەی سەهرای دەستنیشانکردووە، داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە تێچووی نەشتەرگەرییەکەی لەئەستۆ بگرن، رۆژەکان بۆ جێبەجێکردنی رێکارە ئیدارییەکان تێپەڕدەبن، لەگەڵ تێپەڕینی ئەو رۆژانەش مەترسی لەسەر ژیانی سەهرا زیاتر دەبێت. پێدەچێت خراپتربوونی دۆخی تەندروستیی ئەو، چاوەڕوانی تەواوبوونی رێکارە ئیدارییەکان نەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە