هەولێر 91 ملیار دیناری دیکەی بۆ بەغدا نارد
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە 91 ملیار دیناری دیکەی پشکی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22-09-2024 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ."
بەگوێرەی راگەیێنداراوەکە، بڕی پارەکە 91 ملیار و 151 ملیۆن و 784 هەزار دینارە بۆ مانگی ئایاری ساڵی 2024؛ پارەکەش خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
رۆژی 1ی ئابی 2024 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە 74 ملیار دیناری وەکو پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسانی ساڵی 2024، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووری خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
هەروەها رۆژی 30ی حوزەیرانی 2024 زیاتر لە 70 ملیار دیناری بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاداری 2024 خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
ئەمڕۆ 22ی ئەیلوولی 2024ـە، تاوەکو ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئابییان وەرنەگرتووە. هەر ئەمڕۆ حکومەتی عێراق بڕیاریدا زیاتر لە 572 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەرخان بکات.