572 ملیار دینار بۆ مووچە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق گوژمەیەکی دیکەی پارەی بۆ مووچە خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، کە بڕەکەی 572 ملیار دینارە.
رۆژی یەکشەممە 22-09-2024 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "572 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی بۆ تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئاب."
بەگوێرەی نووسراوێک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، جەمیل ساجب یوسف، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی عێراق، نووسراوی بۆ یەکەی سیستمی پارەدان کردووە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، پاڵپشت بە نووسراوی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران لە 12-09-2024 و رەزامەندیی وەزیری دارایی، رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ خەرجکردنی" بڕی تەنیا 572 ملیار و 738 ملیۆن و 746 هەزار و 382 دینار بۆ سەر هەژماری رەوان (حیساب جاری)ی بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان/ وەزارەتی دارایی و ئابووری/ هەولێر، کە هەژمارەکە کراوەتەوە لە بانکی ناوەندیی عێراق/ هەولێر بە هەژماری ژمارە (200115)."
بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، "ئەو پارەیە بۆ خەرجکردنی مووچەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان، بڕەکەی زیاد بکرێت کە ناوەکانیان هەژمار نەکرابوو، بەهۆی ئەوەی ژمارەی بایۆمەتری بۆ ئەو ناوانە نەکرابوو. ئەوەش پاڵپشت بەو خشتەیەی رەوانە کرابوو بۆ فەرمانگەی بودجە/ هاوئاهەنگی و ئاماری ساڵی 2024."
لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەو پارەیەی بەغدا دەینێرێت، "وەک قەرز لەسەر هەژمارێکی رەوان (حیساب جاری) هەژمار دەکرێت، کە لە بانکی ناوەندیی عێراق بە ژمارە 70015 کراوەتەوە."
ئەوەش لە کاتێکدایە، نزیکەی 618 ملیار دینار لە مووچەی مانگی حەوت مابوو بۆئەوەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرێت.