بارەگای بارزانی بۆ خەزعەلی: پێشمەرگە مافی خۆیەتی چەک و تەقەمەنی پێبدرێت

22-09-2024
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری راگەیاندنی بارەگای بارزانی لە وەڵامی قەیس خەزعەلی دا دەڵێت: بەبیرتان دەهێنینەوە کە دەستوور پەسەندی کردووە و دانی بەوەدا ناوە کە هێزی پێشمەرگە بەشێکی دانەبڕاوە لە سیستمی سەربازیی نیشتمانیی عێراق.
 
رۆژی یەکشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2024، کیفاح مەحموود، راوێژکاری راگەیاندن لە بارەگای بارزانی رایگەیاند، "قەیس خەزعەلی ئێمە پێداچوونەوەمان بە پەیامەکەتدا کردووە کە بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی رێکخراوەکەتەوە پێشکێشت کرد، سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ ئەو ناوەڕۆکە دەردەبڕین کە تێیدا بوو، بەتایبەتی سەبارەت بە دەستوور، وەک چۆن کارێکی باشت کرد لە جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوون بە دەستوور."
 
کیفاح مەحموود نوسیوییەتی، "بەبیرتان دەهێنینەوە کە دەستوور پەسەندی کردووە و دانی بەوەدا ناوە کە هێزی پێشمەرگە بەشێکی دانەبڕاوە لە سیستمی سەربازیی نیشتمانیی عێراق. هەروەها ئەو هێزە مافی خۆیەتی چەک و تەقەمەنی پێبدرێت، کە هاوتای ئەو رۆڵە مێژووییە شەرەفمەندانەیەی بێت کە لە رووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆریەت و رژێمە ستەمکارەکاندا گێڕاویەتی."
 
ئەو راوێژکارەی راگەیاندنی بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەوەی لە دەستووردا هاتووە تایبەت بە هێزی پێشمەرگە، هێزەکە رێنمایی و سەپاندنی ئیرادە لە هیچ لایەنێک قبووڵ ناکات."
 
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، دوێنێ شەممە لە گوتارێکیدا لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی دووەمی بزووتنەوەی سادقوون-ی سەر بە عەسائیب ئەهلی حەق گوتی، "رەتیدەکەینەوە تۆپی هاویتزەر بدرێتە هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵکو هەر هێزێکی دیکەی خۆجێیی، جگە لە سوپای عێراق. پێویستە کار بکرێت بۆ رادەستکردنەوەی ئەو هەڵەیە، ئەو تۆپانە بگەڕێندرێنەوە بۆ سوپای فیدراڵی."
 
رۆژی سێشەممە، 6ـی ئابی 2024، کاروانێکی دیکەی ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی هاوپەیمانان کە خۆی لە ژمارەیەک تۆپی هاویتزەر دەبینیەوە لەلایەن هاوپەیمانانەوە پێشکێشی وەزارەتی پێشمەرگە کرا و پاشان لە رێوڕەسمێکدا رادەستی هەردوو فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی (1 و 2)ی وەزارەتی پێشمەرگە کران.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رادەستکردنی ئەو تۆپانە بە هێزەکانی پێشمەرگە، بە رەزامەندیی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".