لەگەڵ رەنج؛ تەعریب هەڕەشەی چۆڵکردن لە دەیان گوندی کوردنشینی مەخموور دەکات
رووداو دیجیتاڵ
تەعریب بە دووریی 64 کیلۆمەتر لە سنووری هەولێر بەخێرایی دەکرێت. نەبوونی ئارامی، کەمیی خزمەتگوزاری و چەندین کێشەی دیکە، بوونەتە هۆی ئەوەی گوندە کوردنشینەکانی مەخموور بەرەو چۆڵبوون بچن.
بەرنامەی لەگەڵ رەنج ئەم جارە تایبەت بوو بە تەعریب و چۆڵبوونی گوندە کوردنشینەکانی سنووری قەزای مەخموور. هاونیشتمانییەک دەڵێت، پرۆسەی تەعریب و بەعەرەبکردن پێشتر هێواش بوو، بەڵام ئێستا زۆر بەخێرایی دەکرێت. هاونیشتمانییەکی دیکەیش گوتی، تەعریب بە داگیرکردنی زەویی جووتیاران نەوەستاوە، بەڵکو ئێستا ناوی گوندەکانیش گۆڕاون بۆ ناوی عەرەبی.
"پەرلەمانتارە كوردەكان بەدەم ئەو كێشەیەوە ناچن"
محەممەد جاسم كاكەیی، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا وەک میوانێكی سەرەكیی بەرنامەكە باسی لەوەكرد، پێشتر لە سنووری زوممار تەعریب بەچڕی لەسەر دەستی پەرلەمانتارێكی عەرەب هەبووە، بەڵام بە هەوڵی بەشێک لە هاوكارەكانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەو تەعریبەیان راگرتووە، ئەو گەلەیی لە ئەندامە كوردەكانی پەرلەمانی عێراق هەیە بەوەی هیچ هاوكار نین بۆ راگرتنی ئەو هەوڵانەی تەعریب كە لە سنووری نەینەوا و بەتایبەت لە مەخموور هەن.
محەممەد جاسم كاكەیی لەبارەی بێدەنگیی پەرلەمانتارانەوە گوتی: "بەشێكی پەیوەندیی بەوەوە هەیە كە هیچ كەسێكی كوردی مەخموور پەرلەمانتاری عێراق نییە، تەحەدا دەكەم هیچ پەرلەمانتارێكی كورد لە عێراق بەدەم راگرتنی تەعریبی سنووری مەخموورەوە چووبێت، ئێمە وەكو كوردێک لە نەینەواین ئەو هەموو هەوڵە داگیركارییە هەیە ئەگەر ئێمە لەوێ نەبین دەبێت چی رووبدات."
"30 هەزار عەرەبی مەخموور كراونەتە حەشدی شەعبی"
سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، نایشارێتەوە ناكۆكییەكانی كورد لەنێوخۆ بەتایبەت یەكێتی و پارتی لە سنووری نەینەوا، هۆكارێكی زیادبوونی ئەو كێشانەیە كە بۆ خەڵكی كورد لەو سنوورەدا دروست دەبێت: "ئێمە لەگەڵ برایانی پارتی بەجیا رووبەڕووی تەعریب دەبینەوە، ئەگەر بەیەكەوە بووینایە بەدڵنیاییەوە باشتر دەبوو، هەندێک جار بەرامبەرەكانمان ئەو بەیەكەوە نەبوونەمان دەقۆزنەوە، بۆ تەعریبی زیاتر."
محەممەد جاسم كاكەیی، ناكۆكی و ململانێكانی لایەنە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان بە ئاسایی دەزانێت، بەڵام لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان و بە تایبەت لە ناوچە دابڕێندراوەكان بە "كارەسات" ناودەبات و دەڵێت "لەو ناوچانە كورد پێویستی بە یەكدەنگی هەیە، بەتایبەت لەكاتێكدا بەپێی دوایین ئامار، 30 هەزار عەرەبی سنووری مەخموور و قەراج پڕچەككراون و كراونەتە حەشدی شەعبی".
ئەندامە كوردەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا باسی لەوەش كرد، ئەگەر لەم قۆناخەدا كورد بشگەڕێتەوە گوندەكانی سنووری قەراج، هیچ سوودێكی نییە: "چونكە گوندەكان هەمووی وێرانەن، نە رێگە بە كەڵك دێت نە بینای قوتابخانە ماوە، هیچ شتێك لە شوێنی خۆی نەماوە".
ئەو ئەندامە کوردەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەگەڵ ئەوە نییە كورد بایكۆتی سەرژمێریی 20-11ی ئەم ساڵ بكات و دەڵێت: "لەجیاتی بایكۆت، با هەموو كوردێك كە ئێستا بە هەر هۆكارێك بێت لە دەرەوەی مەخموور دەژی، لە رۆژی سەرژمێریدا بگەڕێنەوە ناوچەكانیان".
قەزایەكی دەوڵەمەند لەنێوان دوو حكومەتدا
د. سیروان مەخمووری، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لەسەر ناوچە دابڕێنراوەكان، وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە باسی لەوە كرد، تاوەكو 2013 گفتوگۆ و ململانێی كورد لەگەڵ بەغدا لەسەر خاك بوو، بەڵام دواتر هەنگاو بە هەنگاو گۆڕدرا "ئێستا هەموو كێشەكان بووەتە چارەسەركردنی مووچە".
د. سیروان، مەخموور بە سەبەتی خۆراكی هەموو عێراق ناودەبات و دەڵێت "تەنیا ئەم ساڵ 20 هەزار تۆن گەنم لە سایلۆی مەخموور وەرگیراوە ئەوەش هۆكارە بۆ ئەوەی كە مەخموور بە سەبەتی خۆراكی عێراق ناوببرێت، جگە لەوە كێڵگەی نەوتی خورمەڵە هەر لەو سنوورەدایە كە نەوتێكی زۆری تێدایە".
هەر بەپێی زانیارییەكانی توێژەری بواری ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان، قەزای مەخموور لەڕووی ئیدارییەوە بەسەر بە دوو حكومەتەدا دابەش بووە و چیای قەرەچووخ سنوورەكەی جیاكردووەتەوە: "تەواوی قەزای مەخموور 2693 كلیۆمەتر چوار گۆشەیە، 1450 كلیۆمەتری كە ٪59ـی خاكەكە دەكات، كەوتووەتە لای حكومەتی عێراقی و 1243 كلیۆمەتریشی كە 41%ـە، كەوتووەتە سنووری هەرێمی كوردستانەوە، لەو سنوورەی كەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراق، بۆشایی ئەمنی زۆرە و بەردەوام كێشەی ئەمنی هەیە، هەر ئەوەش بووەتە هۆی چۆڵبوونی 49 گوندی كوردنشینی سنوورەكە".
"لە 1957 یەک خانەوادەی عەرەب هەبووە ئێستا 300 هەیە"
بڕیارە لە 20-11ـی 2024 سەرژمێری لە عێراق بکرێت، ئەوەش لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق یەكەم سەرژمێرییە. بە بڕوای د. سیروان مەخمووری، هەموو ئەو سەرژمێرییانەی بە مێژووی عێراق كراون، هۆكارێكی سیاسی پشتیوانیان بووە، بەپێی بڕیاری حكومەتی عێراق دەبوو هەر 10 ساڵ جارێك سەرژمێری بكرێت، بەڵام چونكە سەرژمێری بە سیاسی كراوە، كەمترین كات بە تەواوەتی لە وادەی خۆیدا كراوە بە نموونە: "دەبوو لە ساڵی 1967 سەرژمێری بكرایە، بەڵام لەبەر شۆڕشی كورد لە 1965 كراوە".
د. سیروان لەگەڵ ئەوەدایە كورد بەشداریی سەرژمێری ئەم جارە نەكات، تەنیا بە یەک مەرج نەبێت: "ئەویش ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە دابڕێنراوەكانە كە قۆناخێكی جێبەجێ كردنی ماددەی 140ـە."
مەترسییەكی دیكەی سەرژمێریی ئەم جارە لە مەخموور ئەوەیە 38 كەس سەرپەرشتی دەكەن "هەر 38 كەسەكەیان لە نەتەوەی عەرەبن". ئەمە بە گوتەی د. سیروان. دەشڵێت: "زۆربەی گوندەكانی سنووری مەخموور ناوەكانیان كوردییە، بەڵام ئێستا عەرەب تێیاندا دەژی" باسی لەوەش کرد: "لە سەرژمێریی ساڵی 1957 لەناو سەنتەری مەخموور یەك خانەوادەی عەرەب هەبووە كە ئەحمەد عەرەب یان پێگوتووە، بەڵام ئێستا 300 خانەوادەی عەرەب هەن."
د. سیروان ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەی دانیشتووانی عێراق بەشێوەیەكی سەیر زۆر دەبێت بە جۆرێك ساڵانە یەك ملیۆن كەس زیاد دەبێت: "ئەوەش جێگای گومانە، گومان دەكەم خەڵك لە وڵاتانی دیكەوە بە مەبەستی سیاسی بهێنرێنە عێراق و ژمارەی دانیشتووانی پێ زیاد بكرێت".
زیاتر لە 50 گوندی كوردنشین چۆڵ بوون
د. شاخەوان خالید، كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان میوانێکی دیکەی بەرنامەکە بوو. ئەو سوپاسی رووداوی كرد بەوەی وەكو كەناڵێكی راگەیاندن گرنگی بە پرسی راگرتنی تەعریب دەدات. بە بڕوای ئەو، هۆكارێكی چۆڵبوونی گوندەكانی سنووری مەخموور پەیوەندی بە جموجۆڵەكانی داعشەوە هەیە و گوتیشی: "بەداخەوە زیاتر لە 50 گوندی كوردنشین چۆڵ بوون". بە بۆچوونی د. شاخەوان، تاوەكو پێشمەرگە نەگەڕێتەوە سنوورەكە، گوندە كوردییەكان ئاوەدان نابنەوە.
د. شاخەوان ئەوەشی خستەڕوو، لە 1921دا لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، مەخموور ناحیە بووە دواتر لە 1937دا كراوەتە قەزا و "لەو كاتەوە هیچ گەشەكردنێكی گەورەی بەخۆیەوە نەدەیوە، زیاتر لە گوندێكی گەورە دەچێت نەك قەزایەك".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دا، د. شاخەوان گلەیی لە نوێنەرانی كورد هەبوو كە لە بەغدا وەكو پێویست بەدەم كێشەكانی خەڵكی مەخموورەوە نەچوون و نەبوونەتە بەرگریكاریان. ئەو دەڵێت: "لە بەرامبەر هەموو ئەو ستەمانەی لە خەڵكی كوردی مەخموور دەكرێت پێویستە خۆیان لە دادگەی فیدراڵی سكاڵا تۆمار بكەن."
"قەراج قەبرستانی زیندووانە"
مامۆستا عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان، كەسایەتیی سنووری مەخموور كە لە ناحیەی قەراج بە "مەلا عەبدوڵڵا" ناسراوە، لە بەرنامەکەدا باسی لەوە کرد، لە 2003 و 2004ـەوە پێشبینی ئەم دۆخەی ئێستای مەخمووری كردووە: "ئەوکات لە گوتاری هەینی دا پێشبینیم بۆ ئەم دۆخەی ئێستا كردبوو، چەندین جاریش باسی ئەوەم كردووە كە لە ئایندەدا ناوچەكە تەعریب دەكرێت".
مامۆستا عەبدوڵڵا بۆچوونی وایە خەڵكی قەراج تەنیا بە رۆح زیندوون، لە هەموو بوارەكاندا فەرامۆشكراون و گوتی: "قەراج قەبرستانی زیندووانە، چونكە بەڕاستی لە قەراج ژیانكردن بۆ كورد زۆر قورس بووە، هیچ پشت و پەنایەكیشمان نییە، بۆیە پێویستمان بە تیمێكی پارێزەرایەتیی خۆبەخش هەیە لە بەغدا بەرگری لە مافەكانمان بكات".
ئەو مامۆستا ئاینییە گلەیی لە هەموو حیزبە كوردستانییەكان هەیە ئەوانەی لە دەسەڵاتن و ئۆپۆزسیۆنیشن، كە بۆچی هیچ بەرنامەیەكیان نییە بۆ جێبەجێ كردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق "لە سنووری نەینەوا پارتی و یەكێتی هەریەكەیان بە جیا كار دەكەن ئەوەش لە زیانی ئێمەیە".
"بە شێخی داگیركردنی گوندە كوردەكان ناسراوە"
لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دا، مامۆستا عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد، ئێستا كوڕی كەسێكیان كردووەتە بەڕێوەبەری ناحیەی باقرت كە پێشتر باوكی رۆڵێکی خراپی هەبووە لە داگیركردنی گوندە كوردنشینەكانی ناوچەكە: "كاتی خۆی (عەلی بۆش) هێندە گوندی كوردنشینی داگیركردبوو بە شێخی داگیركردنی گوندە كوردییەكان ناوبانگی دەركردبوو". ئەویش وەك زۆربەی مەخموورییەكان گلەیی لە پەرلەمانتار و بەرپرسانی كورد هەیە لە بەغدا كە وەكو پێویست كاریان بۆ سنوورەكەیان نەكردووە.
كەسایەتییەكەی سنووری مەخموور باسی لەوە کرد، "لە ئامادەكاریی سەرژمێری 2010 دا كە دواتر ئەنجامنەدرا، لەنێو ناحیەی قەراج 1612كورد هەبووە، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە بووەتە سفر و كەسی لێنەماوە، كە ئەو كاتە لە هەموو سنوورەكە 31 هەزار كەس بوو، 17 هەزار و 300 كەسی كوردبوون". مامۆستا عەبدوڵڵا بەوەش نیگەران بوو كە بەشێك لە جووتیارانی كورد بە ناچاری زەوییە كشتوكاڵییەكانیان دەفرۆشن و گوتی "بەڵام ئەوەی باشە زۆرینەی خەڵكانی دەوڵەمەندی كورد ئەو زەوییانە دەكڕنەوە".