لە مهاباد کرێکارێک لەکاتی کارکردندا گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری مهابادی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، کرێکارێک لەکاتی کارکردندا بۆ تێکردنی کۆنکرێتی سەقفی باڵەخانەیەک، کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
 
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی شەممە 21-09-2024 روویداوە، کرێکارێکی تەمەن 35 ساڵ لەکاتی کارکردندا لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەیەکەوە کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
 
فەرزین رەزازادە، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەکە، تەرمی ئەو کرێکارە گواستراوەتەوە بۆ دادپزیشکیی شاری مهاباد.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی دادپزیشکیی پارێزگای ورمێ، تەنیا لە مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی ئەم ساڵ، حەوت کرێکار لە سنووری پارێزگاکە گیانیان لەدەستداوە و 203 کەسیش لەکاتی کارکردندا بریندار بوون.
 
بە گوتەی مووسا ئەدیبفەر، بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی پارێزگای ورمێ، چوار لەو کرێکارانەی کە لەو دوو مانگەدا بریندار بوون، ئافرەتن.