وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوای راکێشانی پارەی مووچە لە بانکی ناوەندی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان داوای راکێشانی ئەو پارەیە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق دەکات، کە ئەمڕۆ خرایە سەر هەژمارەکەی، بۆ تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری داراییەوە واژۆ کراوە و رەوانەی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق کراوە، داوا دەکات ئەو پارەیەی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی ئەیلوولی 2024 خرایە سەر هەژمارەکەی، رابکێشێت.
وەزارەتی دارایی داوای لە لقی بانکەکە کردووە، ئەو 572 ملیار و 738 ملیۆن دینارە لەلایەن لیژنەیەکی سێ کەسییەوە، کە وەزارەتەکە ناوی هێناون، رابکێشرێت بە مەبەستی تەواوکردنی مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشتی ئەم ساڵ.
رۆژی یەکشەممە 22-09-2024 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "572 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی بۆ تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئاب."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ یەکشەممە 22-09-2024، شاندێکی بەغدا لەبارەی هاوتاکردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی کە ماون، هەروەها بۆ تەواوکردنی مووچەی مانگی هەشت لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی ئاب و تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە کە کۆی گشتیی پارەی پێویست بۆ مووچە یەک تریلیۆن و 59 ملیار دینارە بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن و 114 هەزار مووچەخۆر.