بەربژێرێکی کریستیان لە سلێمانی لە بەرژەوەندیی بەربژێرەکەی رەیان کلدانی دەکشێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەربژێرێکی سەربەخۆی کریستیان لە پارێزگای سلێمانی لە بەرژەوەندیی بەربژێری لیستی بابلیون کە رەیان کلدانی سەرۆکایەتی دەکات کشایەوە، بەربژیرەکەی لیستی بابلیۆن دەڵێت، "کشانەوەی بەربژێرەکە بۆ پەرتنەکردنی دەنگی کریستیانەکانی سلێمانییە."
 
دانا ئامانج، بەربژێری بزووتنەوەی بابلیونی کریستیان بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کشانەوەی یەکێک لە بەربژێرە سەربەخۆکان لە بەرژەوەندیی ئێمە کارێکی باش بوو، چونکە بۆ رێگەگرتن بوو بۆ پەرتبوونی دەنگی کریستیانەکان لە پارێزگای سلێمانی، کە نزیکەی 300 دەنگ دەبێت."
 
ئەو بەربژێرەی کشاوەتەوە ناوی هێلین ئەکرەمە. دانا ئامانج گوتی، "کشانەوەی هێلین ئەکرەم بە دەستپێشخەریی خۆی بوو و دەستخۆشی لێدەکەین، ئێستا لە سلێمانی ئێمە دوو بەربژێری کریستیان ماوین رکابەرایەتی لەسەر ئەو کورسییە دەکەین، کە بۆ سلێمانی تەرخانکراوە."
 
دوێنێ شەممە 21ـی ئەیلوولی 2024، رەیان کلدانی، سەرۆکی بزووتنەوەی بابلیۆنی کریستیانەکان سەردانی شاری سلێمانیی کرد و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبووەوە.
 
دانا ئامانج، رەتیکردەوە ئەوان لە بەرژەوەندیی یەکێتی کاربکەنو گوتی، "راستە ئێمە لە بزووتنەوەی بابلیون لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان رێککەوتننامەی ستراتیژییمان هەیە و هاوپەیمانین، بەڵام هەریەکەمان لایەنێکی سیاسیی جیاوازین، ئێمەش نوێنەری کریستیانین و من بۆ بەرژەوەندیی کریستیانەکان کاردەکەم."
 
رەیان کلدانی دوێنێ لە سلێمانی لەگەڵ هێلین ئەکرەم دنخا، بەربژێری سەربەخۆی کریستیانەکان، کۆبووەوە و رایگەیاند بەربژێرە سەربەخۆکە لە بەربژێربوون لە بەرژەوەندیی دانا ئامانج کشاوەتەوە، ئەوەشی بە "بڕیارێکی مێژوویی" ناوبرد.
 
کلدانی جگە لە سوپاسکردنی ئەو بەربژێرە، گوتی: "هەڵوێستەکەی گیانی هاوئاهەنگی و پێکەوەیی لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندیی گشتی نیشاندەدات."
 
پەرلەمانی کوردستان لە خولی شەشەمیدا 100 کورسیی دەبێت، پێنجیان بۆ پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیانە، لە پارێزگای هەولێر کورسییەک بۆ هەریەک لەو دوو پێکهاتەیە و لە پارێزگای سلێمانیش بەهەمان شێوە تەرخانکراوە، لە پارێزگای دهۆکیش کریستیانەکان کورسییەکان دەبێت، لە پێکهاتەکان 39 لیست و قەوارە و بەربژێری تاکەکەسی خۆیان بەربژێر کردووە و رکابەری لەسەر ئەو پێنج کورسییە دەکەن.
 
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، لیستى پارت و هاپەیمانێتییەکان ناوى خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان، کە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بکرێت.