بۆ دەرچووانی 12ی ئامادەیی؛ کام کۆلێژ زۆرترین هەلی کاری لە بازاڕدا هەیە؟

 
رووداو دیجیتاڵ

بۆ پێشکێشکردنی داواکاریی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان، لە دوێنێوە زانکۆلاین کارا کراوە. بەرپرسانی زانکۆکان دەڵێن، ئەو کۆلێژانەی زۆترین خواستیان لەسەرە ئەوانەن کە لە کەرتی تایبەتدا هەلی کاریان زۆرە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی ئەیلوول د. رزگار سەعید، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی روودای گوت، "ئێستا قوتابیان کە زانکۆلاین پڕدەکەنەوە بەدوای ئەو کۆلێژانەدا دەگەڕێن کە هەلی کاریان لە بازاڕدا زۆرە."
 
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران ئاماژەی بەوەدا خواستی زۆر لەسەر کۆلێژەکانی پزیشکی و ئەندازیاری هەیە، بەڵام ئەویش بەراورد بە ساڵانی پێشووتر کەمترە، ئێستا ئەو بەشانەی کردارین (پراکتیکی) لە زانکۆکان هەن زۆرترین قوتابی رووی تێدەکەن.
 
سامان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو بەشەکانمان خواستیان لەسەرە، بەڵام بەگوێرەی ژمارە جیایە و هەیە خواستی زیاتری لەسەرە بەراورد بە هەندێک بەش."
 
ئەو کۆلێژانە چین ئێستا لە بازاڕدا هەلی کاریان دەستدەکەوێت؟
 
بە گوتەی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران، بەشی ئایتی خواستی زۆر لەسەرە، ساڵانی پێشوو خەڵک ناوی لەو کۆلێژە دەهاتەوە بە ناچاری دەچوو، ئێستا بە حەزەوە داوای دەکات. هەروەها بەشە کارەباییەکان، زانستە کردارییەکان خواستیان لەسەرە."
 
د. رزگار سەعید گوتی، "بەشی بزنس خواستی زۆری لەسەرە، چونکە ئێستا لە هەرێمی کوردستان بابەتەکانی بزنس و بزنسی بچووک پشتیوانیی زۆریان دەکرێت، حکومەت، کۆمپانیا بیانی و نێوخۆییەکان پشتیوانییان دەکەن. خواستی زۆر لەسەر بەشی یاسا و ژمێریاریش هەیە."
 
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران باسی لەوەشکرد، بەشی ئینگلیزی خواستی لەسەرە و یەکێکە لەو بەشانەی لە بازاڕی کاردا هەلی کاری بۆ دەرچووەکەی دەڕخسێت. 
 
بە گوتەی رزگار سەعێد، "کۆلێژی پەروەردە تایبەتمەندی خۆی هەیە و هەموو بەشەکانی خواستی لەسەرە، بەتایبەت لەنێو کچاندا، چونکە دەزانن لە داهاتوودا دەبنە مامۆستا و رەنگە هەلی کاریان زیاتربێت لەوانەی لە ئاداب دەخوێنن".
 
لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر بەشی ئایتی، ئەندازیاری، ئەندازیاریی فڕۆکەوانی، زمانی ئینگلیزی و زمانە بیانییەکانی دیکە، بەشە تەکنیکییەکان، بەشەکانی ژمێریاری و کارگێڕی کار لەو بەشانەن زۆرترین خواستیان لەسەرە.
 
سامان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت، ئەو بەشانەی کە خواستی زیاتریان لەسەرە ئەوانەی هەلی کاریان زیاتر دەست دەکەوێت. گوتیشی، "ئێستا گەنج تێگەیشتووە کە ناکرێ هەمووی چاوی لە کەرتی گشتی و دامەزراندن بێت، بۆیە هەوڵدەدات بەشێک تەواو بکات هەلی کاری لە بازاڕ و کۆمپانیاکادا زۆر بێت".
 
ئەو کۆلێژانەی کەمترین خواستیان لەسەرە
 
رزگار سەعید گوتی، "زانستە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمەڵناسی بۆ کورد زۆر گرنگە، بەڵام لەم ساڵانەی رابردوودا پاشەکشەی کردووە و کەمتر خواستیان لەسەرە، چونکە نەتوانراوە لەگەڵ ئەو کۆلێژانە و کەرتی تایبەتدا پەیوەندییەک دروستبکرێت بتوانن کاری تێدا بکەن".
 
کۆمەڵناسی، دەروونناسی، فەلسەفە، زانستە سیاسییەکان، مێژوو، جووگرافیا خواستیان لەسەر کەم بووە. یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران دەڵێت، "ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ تێگەشتنی زانکۆکان، ئێمە ئێستا لە هەندێک لە بەشەکان گۆڕانکاریمان کردووە کردووماننە فرە پسپۆڕی، بۆ ئەوەی لەگەڵ بازاڕی کاردا بگونجێن، چونکە ئەگەر وانەکەی قوتابی لە زانکۆلاینەوە ئەو بەشانە پڕناکاتەوە".
 
زانکۆی سۆران بۆ ئەوەی خوێندکاران هەلی کاریان بۆ بڕەخسێت گۆڕانکاری لە ناوی بەشێكی بەشەکاندا کردووە. د. رزگار سەعید دەڵێت: "بەشی کۆمەڵناسیمان کردووە بە کۆمەڵناسی و کاری کۆمەڵایەتی، بۆ ئەوەی لە رێگەی کاری کۆمەڵایەتییەوە دەرچوو کار بۆ خۆی بدۆزێتەوە، بۆ نموونە لە سەنتەرەکانی راهێنان، وەکو سەنتەرەکانی ئۆتیزم. دەروونزانیمان کردووە بە (دەروونزانی و رێنمایی دەروونی تایبەت) ئەمەش هەلی کار زیاتر دەکات".
 
دوێنێ 21ی ئەیلوول، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان زانکۆلایەنی کارا کرد و بڕیارە تاوەکو 30ی ئەم مانگە کراوە بێت.
 
بەگوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەمساڵ 55 هەزار و 720 دەرچووی 12ـی ئامادەیی ناوەکانیان لە  وەزارەتی پەروەردەوە رەوانەی خوێندنی باڵا کراوە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو 19 هەزار دەرچوو زیاترن.