بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: ئەمڕۆ وردبینی لە لیستی بەربژێران کۆتایی دێت

22-09-2024
هێمن بابان رەحیم
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، کۆمیسیۆن لە دوو رۆژی داهاتوودا بۆ پەسندکردنی ناوی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنیش دیاری دەکات، ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەمڕۆ وردبینی لیستی بەربژێران کۆتایی دێت."

د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی ئەیلوولی 2024 میوانی بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) بوو کە کاژێر 8:00ـی بەیانییان پێشکێش دەکرێت و باسی ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرد.

عیماد جەمیل گوتی، "لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ پەسندکردنی لیستی ناوی بەربژێرانی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، چونکە ئەمڕۆ وردبینیکردن لە لیستی ناوەکان لەلایەن هۆبە پەیوەندیدارەکانەوە کۆتایی دێت. ئیدی لیستەکان رەوانەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەکرێت بۆ پەسندکردن."

عیماد جەمیل رایگەیاند، "پێموایە لە دوو رۆژی داهاتوودا کۆمیسیۆن لیستی ناوی بەربژێران پەسند دەکات و وادەی بانگەشەی بەربژێران دیاری دەکرێت."

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن، هەزار و 192 بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەن؛ دۆسیەی ئەو بەربژێرانە بۆ وەزارەتەکانی ناوخۆ و دەستەکانی دەستپاکی هەرێمی کوردستان و عێراق نێردراوە و وردبینیان تێدا کراوە.

سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی ئەو بەربژێرانەی دوورخراونەتەوە پێنج کەس بوون؛ پێشتریش کۆمیسیۆن 7 بەربژێری دیکەی دوورخستبووەوە کە شیاوییان بۆ بەربژێربوون نەبوو.

لەبارەی چاودێریکردنی ئەو پێشێلکارییانەی بەشێک لە بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەیکەن، بەتایبەت لە بانگەشەی پێشوەخت، عیماد جەمیل گوتی، "تیمی چاودێریی بەربڵاومان بۆ ئەو بابەتە لە هەرێمی کوردستان هەیە؛ 173 تیمی چاودێریمان لە هەموو بنکەکانی تۆمارکردن و ناوچەکاندا هەیە؛ چوار لیژنەی ناوەندییشمان لە هەر چوار پارێزگاکەدا هەیە کە راپۆرتی پێشێلکاری وەردەگرن؛ هەروەها بەشی سکاڵاکشمان لە کۆمیسیۆن هەیە و بەدواداچوون دەکات. تاوەکو ئێستا ئەو سکاڵایانەی پێشکێشکراون ناگەنە ئاستی هێڵی سوور و هەموویان هاندانن بۆ دەنگدان."

بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن دەستەواژەی "هێڵی سوور"ی روونکردەوە و گوتی، "بریتییە لە بەکارهێنانی دارایی گشتی، دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەت، بوونی درووشمی تائیفی، شکاندنەوەی بەرامبەر، جگە لە پێشێلکارییەکانی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان وەک هەڕەشەکردن لە بنکەکان و شتی دیکە کە رەنگە ببێتە هۆی دوورخستنەوەی بەربژێر."

بەرپرسی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن گوتیشی،"کۆمیسیۆن پێیوایە ماوەی بانگەشە لەنێوان 25 رۆژ بۆ مانگێک گونجاوە؛ پێشتر لە یەکێک لە هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی بانگەشە سێ مانگ بوو، دواتر بۆمان دەرکەوت کە تەنیا لە مانگی کۆتاییدا بانگەشە دەستیپێکرد."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە