رووداو دیجیتاڵ
کەنیسەی مەریەم لە وانی باکووری کوردستان مێژووەکەی بۆ سەتەی حەوتەمی زایینی دەگەڕێتەوە، سەرباری ئەوەی مەترسیی رووخانی لەسەرە و تەنیا 20%ی وەکو خۆی ماوەتەوە، ساڵانە هەزاران کەس بۆ سەردان دەچنە کەنیسەکە، کە زۆرینەیان ئەرمینییەکانن.
عومەر دەمەز، سەرۆکی یانەی وەرزشیی ڤادی لەبارەی مێژووی کەنیسەکەوە دەڵێت، "مێژووی ئەم کەنیسەیە بۆ سەتەی حەوتەمی زایینی دەگەڕێتەوە. هەر ژوورێک لە 365 ژووری کەنیسەکە، نوێنەرایەتیی رۆژێکی ساڵی کردووە. ئێستا تەنیا 10 ژووری ماوەتەوە."
کەنیسەکە لە کەناری رووباری ئاراس بنیادنراوە و دەگوترێت، دەسەڵاتدارانی میرنشینی ڤاسپۆڕاگۆنی ئەرمینییەکان دروستیان کردووە، هەر بۆیە بەشێکی ئەوانەی دەچنە سەردانی کەنیسەکە، ئەرمەنەکانن؛ هەر کاتێک دەڕۆنە ئەوێ، "نزا بۆ ساڵێکی تەمەنیان دەکەن."
ئێمراهـ یاڤوز شاخەوانە و لەگەڵ تیمێک سەردانی کەنیسەکەیان کردووە و دەڵێت، "سەردانی کەنیسەکە دڵخۆشی کردین، جاران خەڵک کاتێک لەگەڵ بووکەکەی یان لەگەڵ خەسووی شەڕی کردبێت هاتووە لێرە نزای کردووە."
ئەو کەنیسەیە دوای راپەڕینی ئەرمینییەکان، لە ساڵی 1895 بەشێکی وێران بوو؛ لەو کاتە تاوەکو ئێستا ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ