خولی پاڵەوانێتیی هیوا لە سنووری بارزان بۆ 23 قوتابخانە دەستیپێکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

لەدوای نۆژەنکردنەوەی دوو یاریگەی دەڤەرەکە، خولی پاڵەوانێتیی هیوا لە دەڤەری بارزان بە بەشداریی 23 قوتابخانەی ناوچەکە دەستیپێکرد، خولەکە بە سەرپەرشتیی چیاڤان نێچیرڤان بارزانی بە هاوکاریی دەزگای خێرخوازی بارزانی بەڕێوەدەچێت.

  

دوای ئەوەی وەرزشڤانانی دەڤەری بارزان گلەییان لە نەبوونی یاریگەی گونجاو لە سنوورەکە کرد، لەسەر داوای چیاڤان نێچیرڤان بارزانی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دوو یاریگەی وەرزشی لە بارزان و گۆڕەتووی قەزای مێرگەسۆر نۆژەنکرانەوە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا، دوای رادەستکردنی هەردوو یاریگەکە، پاڵەوانێتییەکی وەرزشی بەناوی پاڵەوانێتیی هیوا بۆ 23 قوتابخانەی سنووری قەزای مێرگەسۆر کرایەوە.
 
سەرەتای رێوڕەسمەکە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ناساندنی تیپەکان دەستیپێکرد و دواتر موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی، "بەناوی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە سوپاسی ئامادەبوون و سەرپەرشتی و چاودێریکردنی چیاڤان نێچیرڤان بارزانی دەکەم بۆ ئەو پاڵەوانێتییەی گەنجانی بارزان."
 
 
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی، "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام ئامۆژگاریمان دەکەن کە بە هەموو توانای خۆمانەوە لە خزمەتی پەیامی سەرۆک بارزانیدا بین کە پەیامەکەی بەڕێزیان ئەوەیە، کاری هەرە لەپێشینەمان ئەوە بێت گرنگی بە خێزانی سەربەرزی شەهیدان و گرنگی بە خوێندن و پەروەردە بدەین."
 
موسا ئەحمەد دەڵێت، "لەو پێناوەدا وەکو دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی رابردوودا 203 قوتابخانەمان نۆژەنکردەوە و ئەمساڵیش لەسەر داخوازی وەزارەتی پەروەردە توانیومانە 135 ژووری خوێندن بۆ قوتابیان دروستبکەین و ئەوەش هۆکارێک بووە بۆئەوەی سێ دەوامی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان نەمێنێت."
 
موسا ئەحمەد رایگەیاند، "بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی بۆردی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ منداڵی شەهیدان و قوتابییانی بێ دایک و باوک، گەورەترین پرۆژەمان دەستپێکردووە کە زیاتر لە 20 هەزار منداڵ لەخۆدەگرێت و مەرجی سەرەکیش تێیدا درێژەدانی منداڵانە بە خوێندن و هاوکات زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلارمان بۆ دروستکردنی خانوو بۆ خێزانی شەهیدان تەرخانکردووە."
 
 
سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی لەبارەی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە گوتی، "ئامانجی چیاڤان نێچیرڤان بارزانی ئەوەیە پاڵەوانێتییەکە ببێتە بنەمایەک بۆ گەنجان و قوتابییانی ئێمە بۆ ئەوەی باشتر خۆیان لە بواری وەرزشدا پەروەردە بکەن و ئامۆژگاری ئەو بۆ ئێمە ئەوەبووە ئامادەکارییەکی باش بۆ ئەو پاڵەوانێتییە بکرێت."
 
هەر لەو رێوڕەسمەدا چیاڤان نێچیرڤان بارزانی لە گوتارێکدا سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد و رایگەیاند، "ئەم پاڵەوانێتییە وەکو دیارییەک پێشکێش بە لاوان و وەزرشڤان و وەرزشدۆستانی ئەم دەڤەرە دەکەم."
 
 
 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا چیاڤان نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە "بەو چالاکییە دەمانەوێت خزمەتی وەرزش و لاوان بکەین و پشتگیری لە حەز و خولیای لاوان بۆ وەرزش بکەین؛ پشتیوان و هاوکاربین بۆ خزمەتی زیاتری وەرزش لەم ناوچەیە."
 
چیاڤان نێچیرڤان بارزانی گوتیشی، "ئێمەی لاوان هێز و ئومێدی ئێستا و داهاتووی کوردستانین. ئێمە خەون و ئاواتی گەورەمان لەم وڵاتەدا هەیە. رەنگە زۆر هۆکار هەبن وا بکەن لاوان لە حەز و خولیاکانیان داببڕێن، بێ هیوا و رەشبینیان بکەن، بەڵام لاوانی ئێمە لەوە بە‌هێزترن و ورەیان بەرنەداوە. بەردەوامن و هەمیشە بە ئومێدەوە لە داهاتوویەکی باشتر دەڕوانن."