رووداو - سلێمانی
نەژاد کاوە، یەکێک لە یەکەمەکانی بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی سلێمانی بوو؛ جگە لە زمانی کوردی، چوار زمانی دیکەشی دەزانی. نەژاد زۆر پڕ وزە و بەهیوا بوو، هەمیشە هەوڵی فێربوونی دەدا، بەڵام جەڵتەی مێشک لە ساڵی 2020 هەموو پلانەکانی وەستاند.
کاوە شێخ سەلام، باوکی نەژاد دەڵێت، "پێنج دەماری سەری تەقیبوو، ئاوێکی زۆر لە سەریدا کۆبووەوە، چوار جار نەشتەرگەریی مێشک و دەماخی بۆ کرا، جمجمەیان بۆ کردەوە و بەشێکیان لەنێو سکیدا هەڵگرت بۆئەوەی نەڕزێت، بەڵام هەر رزا. ئێستا بەشێک لە سەری پلاستیکە، نزیکەی ساڵێک و دوو مانگ جووڵە و قسەی نەمابوو. ئێستا دکتۆر ئاری سامی لەبارەی نەخۆشییەکەیەوە دەڵێت، هەر رۆژێک بێت لەوانەیە چاکببێتەوە و وەکو پێشتری لێبێتەوە. ئەم کوڕە هەندێک تەبیعەتی وەکو پێشتر ماوەتەوە، بۆ نموونە زۆر حەزی بە پاکوخاوێنی و شیکپۆشییە، رۆژێک نەیشۆین گلەییمان لێدەکات."
تاوەکو ئێستاش بەشێک لە هاوڕێکانی سەردانی نەژاد دەکەن و باس لە یادگارییەکانیان دەکەن.
یەکێک لە هاوڕێکانی نەژاد دەڵێت، "ئەم دۆخەی تێیکەوتووە لەگەڵ هاوڕێکانیشیدا کە باسی دەکەین بۆ ئەوەی دەگەڕێنینەوە کە زۆر لەخۆبردوو بوو، هەوڵی فێربوونی لە بواری تازە دەدا و دەیویست خۆی پێبگەیێنێت، بۆیە زۆر بە خەمی تەندروستیی خۆیەوە نەبوو."
مامۆستاکانی زۆر لە نەژاد رازیبوون، پێیانوابوو لە دانوستان و گفتوگۆ و مامەڵەکردندا زۆر باشە، هەروەها توانایەکی باشی لە نووسین و توێژینەوەش بە زمانی ئینگلیزی هەبوو.
دکتۆر سەروەر محەممەد، سەرۆکی بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، "لە قۆناخی چواری زانکۆیدا سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەی بووم، ئەو توێژینەوەیەی هەڵیبژاردبوو زۆر گرنگ بوو، پەیوەندیی بە دۆخی کەرکووکەوە هەبوو کە چۆن چارەسەری کەرکووک بکرێت."
ستەم کامیل، بەڕێوەبەری سەنتەری راهێنانی پێتاگۆجی لە زانکۆی سلێمانی ئەوەی خستەڕوو، "بەردەوام خاوەن بیرکردنەوەی رەخنەیی بوو، بۆچوونی خۆی هەبوو و شەرمی لە دەربڕینی بۆچوونەکانی نەبوو، لە دەرەوەی هۆڵەکانی خوێندنیش هاوڕێیەکی دڵسۆز بوو، کەسێکی پێگەیشتوو بوو لەگەڵ ستافی زانکۆدا."
یەکێک لە خولیاکانی نەژاد خوێندنەوەی کتێب بوو، کە بە سەتان کتێبی خوێندووەتەوە، ئێستاش توانایەکی بۆ خوێندنەوە نەماوە، بەڵام خولیاکەی هەر ماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ