لە خانەقین باخی خورما دەسوتێندرێت و خانوو لە شوێنی دروستدەکرێت

 
رووداو - خانەقین

لە خانەقین چەندین دۆنم باخی خورما دەستوتێندرێن و خانوو لە شوێنی دروستدەکرێت، بەشێوەیەک کە گەورەترین باخی خورمای خانەقین بۆ ئەو مەبەستە سوتێندراوە.
 
قەحتان ئەکرەم، کرێکار لەو شوێنەی ئیشی تێدا دەکات باخ بووە و دەڵێت، "ئاو نییە و هەمووی وشک بوو، گشتی کرد بە زەوی و فرۆشرا."
 
زۆرینەی باخەکانی خانەقین لە سەنتەری شارەکەن، لەدوای ساڵی 2003وە وردە وردە بە مەبەستی فرۆشتنیان لەناودەبرێن. پێشتر لە خانەقین 100 هەزار دارخورما هەبوون، ئێستا کەم بوونەتەوە بۆ 55 هەزار دارخورما.
 
‏‎ئێستا خانەقینییەكان سەرەڕای بارودۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری، خەمی لەنێوچوونی باخەکانی نێو شارەکە و نەمانی نازناوەکەیانە کە پێشتر بە شاری "نێوباخان" ناوی دەهێندرا.
 
سەلام عەبدوڵڵا، چالاکوان ئاماژە بەوە دەکات، "نزیکەی 160 جار زیاتر باخەکان سوتان. لە ماوەی 10 ساڵدا بە شێوەیەکی مافیایی ئەم کارەیان کرد. زەوییەکان دران بە خاوەن عەقار و بەو شێوەیە کرا بە خانوو و کۆگا. شارەکەیان وێران کرد، ژینگە لەم شارە بە تەواوەتی وێران بوو و ئێستا شارێکی زۆر گەرمە."
 
پزیشکێک بەناوی سەرمەد ئیبراهیم بەداخە لەوەی خورما لە دەرەوە دێت و هاوردە دەکرێت، دەڵێت، "خورمای میسری، سعودی و ئێرانی [دەهێندرێن]. ئێمە خۆمان بەرهەمهێنەر بووین، خورمامان دەناردە دەرەوە، بەڵام ئێستا خۆمان خورما هاوردە دەکەین، بەرهەمی خۆمان نەماوە و دەتوانین بڵێین، وەکو سفری لێهاتووە."
 
بەپێ ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی خانەقین 2414 دۆنم باخ هەن، كە زۆرینەیان باخی خورمان؛ باخەكان لەنێوان 1 بۆ 70 دۆنمن، تەنیا لە چوار ساڵی رابردوودا 200 دۆنم باخ سوتێندراون.
 
کامەران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی خانەقین رایگەیاند، "ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوامبێت و رێگرییان لێنەکرێت، خانەقین کاتی خۆی لەناو باخ بوو، لەوانەیە چەند باخێکی بمێنن. کاتی خۆی تاوەکو 50 هەزار تۆن یان 45 هەزار تۆن خورمای هەبوو، ئێستا ناگاتە 20 هەزار تۆن."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد کار لەسەر ئەوە دەکەن کە دۆسیەی بڕینەوە و سوتاندنی دارخورماکانی خانەقین ببەنە پەرلەمانی عێراق و لەڕێگەی لیژنەی نەزاهەوە سکاڵا تۆمار بکەن.