لە بەغدا شەوانیش دووکانی زێڕفرۆشەکان کراوەن

کاژێر 10ـی شەو لایداوە، هاتووینەتە شەقامی کەڕادە، جووڵە و هاتووچۆی خەڵک زۆرە، هەرچەندە زۆرینەی ئەوانەی لەم شەقامەن، لە رەگەزی نێرن، بەڵام خاڵی نییە لە ژنان و کچان، ئەوانیش بۆ کڕینی پێداویستی رۆژانە، یان بۆ کاتبەسەردن، شەوانە دێنە ئەم شەقامە.
 
لێرە، لەم شەقامەی کەڕادە، کە دەکەوێتە دیوی رەسافە، بازاڕی شەوانەکەی کراوەیە و هەموو شتێک دەفرۆشرێت؛ سەوزە و میوەجات، جلوبەرگ، کەلوپەلی ناوماڵ و زۆر شتی دیکە، بەڵام ئەوەی بۆ کەسێک یەکەمجاری بێت بەغدا ببینێت و جێی سەرسوڕمان بێت، کرانەوەی دووکانەکانی زێڕفرۆشانە، کە تاوەکو درەنگانی شەو کراوەن.
 
چووینە دووکانەکەی ویسام عەلی، بۆ ئەوەی تایبەت قسە لەسەر کرانەوەی بازاڕی زێڕفرۆشان بکەین لە شەواندا، ئەو پێی خۆش نەبوو وێنەی بگیرێت، گەنجێکی باڵابەرزی شیکپۆشە. 
 
کاتێک ویستمان دەرگای دووکانەکەی بکەینەوە، داخرابوو، دواتر بە سەردانی چەند دووکانێکی دیکە، بۆمان دەرکەوت کە هەموو دووکانەکانی زێرفرۆشتن بە دووکانەکەی ویسام-یشەوە، لە ناوەوە بە ئامێرێک قوفڵ دەکرێن و تەنیا خۆیان دەتوانن لە ناوەوە لەرێی کۆنترۆڵێکەوە بیکەنەوە، واتە ئەگەر خۆیان ویستی کردنەوەی دەرگاکەیان نەبێت، هیچ کەسێک لە دەرەوە ناتوانێت راستەوخۆ بچێتە ژوورەوە. لێمان پرسی؛ ئەم رێوشوێنەی هاتنە ژوورەوە بۆ ئەوەیە کە دەترسن لە رەوشی ئەمنی، ویسام گوتی "ئێمە ناترسین، خۆ ئەگەر بترساباین، تاوەکو ئێستا لێرە نەدەبووین، هەموو دووکانەکان وادەکەن، ئەوەش شتێکی ئاساییە و بۆ پاراستنی خۆمانە".
 
لەگەڵ ویسام گفتوگۆی زیاترمان کرد لەسەر بازاڕەکە و شەقامەکە، ئەو شەقامەی دوایین تەقینەوە کە تێیدا روویدا ساڵی 2016 بوو، کە تەقینەوەکە (باڵەخانەی لەیس بۆ بازرگانی) کردە ئامانج و بەهۆیەوە، بەپێی راگەیێندراوی پۆلیسی بەغدا 323 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 200 کەسیش بریندار بوون. ویسام دەڵێت "ئەو تەقینەوەیە ئەم شەقامەی بەتەواوی وێرانکرد، خەڵکێکی زۆر مردن، بۆ ماوەیەکی زۆر بازاڕ و کاری سەرجەم دووکاندارانی پەکخست، زۆری ویست تاوەکو جارێکی دیکە لەسەر پێی خۆمان بووەستینەوە". 
 

هۆکاری ئەو هەموو قوربانییە لەو باڵەخانەیە ئەوە بوو، کە زۆربەی دووکانەکانی بۆنفرۆش بوون، مادەکانی بۆن-یش هۆکار بوون بۆ تەشەنەسەندنی ئاگری تەقینەوەکە، وەک ویسام دەڵێت: "بەشێکی زۆری قوربانییەکان بەتەواوی سووتابوون، نەک ئەوەی پارچەی تەقینەوەیان بەرکەوتبێت".
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ویسام ناترسێت لەوەی شەوان دووکانی کراوەیە و زێڕێکی زۆریش لە دووکانەکەیدایە، وەڵامەکەی "نەخێر" بوو و گوتی: "ئێستا ئاسایش باشە، شەوان بازگەی ئەمنی هەن و ئۆتۆمبێلەکانی هێزە ئەمنییەکان بەردەوام دەگەڕێن، بۆیە ئێمەش ترسمان نییە و باوەڕمان پێیانە".
 
لەو کاتەی ویسام قسەی بۆ دەکردین، چەند خانمێک هاتبوونە دووکانەکەی بۆ کڕینی زێڕ، ئەوانیش بەبێ ترس پارە لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن و ئەگەر پارچە زێڕێکیان بەدڵ بێت دەیکڕن. یەکێک لە کڕیارە ژنەکان بەبێ ئەوەی ناوی خۆی بڵێت، تەنیا ئەوەندەی پێیگوتم، "ناترسم، پارەشم هەڵگرتووە". ویسام قسەکەی پێبڕی و گوتی: "رەوشی بەغدا وەک ئەوە نییە لە راگەیاندنەکان، بەتایبەت راگەیاندنی رۆژئاوا باسدەکرێت، ئاسایش و ئەمنییەت ئێستا باشە".
 
نەک تەنیا لە شەقامی کەڕادە کە ناوەندی شاری بەغدایە، شەوانە بازاڕی زێڕفرۆشان لە مەنسوور، کە دەکەوێتە دیوی کەرخ و دەکاتە رۆژئاوای بەغدا، هەروەها لە زەییوونە کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی بەغدا، کراوەن. 
 
سەیف عەباس، زێڕفرۆشێکی دیکەیە لە هەمان شەقام، 20 ساڵە لە چەند شوێنێکی جیاوازی بەغدا کاری زێڕفرۆشی دەکات. لەگەڵ ئەویش بەو پرسیارە دەستمان بە گفتوگۆ کرد، کە چۆنە شەوان دووکانی هەیە، گوتی "لەبەرئەوەی رەوشی ئەمنی ئێستا باشە، وەکو کاتی تەقینەوەکان نییە". ئەویش هەر مەبەستی وەبیرهێنانەوەی تەقینەوەی ساڵی 2017 بوو، ئەوەی لە باڵەخانەی لەیس بۆ بازرگانی روویدا.
 
وادەردەکەوت ئەوانەی لەو شەقامەن بەهۆی بوونی هێزە ئەمنییەکان لە شەقامەکە ناترسن، لە سەیف-م پرسی؛ کاتێک شەو دووکانەکەت دادەخەیت و دەگەڕێیتەوە رووبەڕووی هەڵکوتانەسەر و رێگری نابیتەوە؟، گوتی: "نا هەموو شتێک ئاساییە".
 
دووکانەکانی ئەو شەقامە زێڕێکی زۆریان نمایشکردووە بۆ کڕیارەکانیان و دووکانی گەورەن، رەنگە هەر دووکانێک بە بەهای زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار زیاتر زێڕی تێدا بێت. هەرچەندە کاتێک پرسیارم لێکردن بەهای کۆی زێڕەکانتان کە نمایشتانکردووە و ترسیشتان نییە، چەندە، نە سەیف و نە ویسام رازی نەبوون ئاشکرای بکەن.
 
دەرگای دووکانەکەی سەیف بەهەمان شێوەی دووکانەکەی ویسام دەکرێتەوە، ئەویش هەمان قسەی ویسامی کرد، کە تەنیا بۆ پارێزراوی خۆیانە، بەڵام کاتێک لێم پرسی ئەو جامخانەیەی دەرەوەش کە زێڕت تێدا نمایشکردووە پارێزراوە؟، گوتی "نەخێر، تەنیا شووشەیەکی ئاساییە و ئاسانیش دەشکێت".