بێگەرد تاڵەبانی: دەست بەسەر بەرهەمی کشتوکاڵیی قەدەخەدا دەگرین و شوێنی فرۆشتنیان دادەخەین

22-09-2020
هۆرڤان رەفعەت
لە پێنجوێن هاوردەکردنی بەرهەمی قەدەخەی کشتوکاڵی زیانی زۆری لە جووتیاران داوە
لە پێنجوێن هاوردەکردنی بەرهەمی قەدەخەی کشتوکاڵی زیانی زۆری لە جووتیاران داوە
A+ A-
 
رووداو - پێنجوێن

کاڵەک و شووتیی بێستانەکانی پێنجوێن هەر وا بە تەرزەکانەوە ماون، شووتییەکان تەقیوون و زەردەواڵە تێی داون. جووتیار نایانڕنن و دەڵێن بەهۆی بەرهەمی قاچاخەوە هی ئەوان پارە ناکات.  وەزیری کشتوکاڵیش دەڵێت، دەست بەسەر بەرهەمی کشتوکاڵیی قەدەخەدا دەگرین و شوێنی فرۆشتنیان دادەخەین.
 
بێستانە بەپیتەکانی شاری پێنجوێن دوایین خاڵی سنووریی باشووری کوردستان لەگەڵ وڵاتی ئێران. ژمارەیەکی زۆر لە بەرهەمەکانی ئەو بێستان و کێڵگانە پێش ئەوەی پێبگەن لەناوچوون.
 
بەهۆی هاوردەکردنی بەرهەمی سەوزە و میوەی ئێرانی و تورکییەوە جووتیاران بەرهەمەکانیان ساخنابێتەوە و پارەیەکی کەم دەکات.
 
کامەران عەبدوڵڵا خاوەنی زیاتر لە 150 دۆنم زەویی کشتوکاڵییە و زیانێکی زۆری پێگەیشتووە. ئەوەیش بەهۆی جێبەجێنەکردنی تەواوەتیی قەدەخەی هاوردەی سەوزە و میوەی بیانیەوە.
 
کامەران عەبدوڵڵا دەڵێت، "تەنیا لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا 30 ملیۆن دیار زیانم لێکەوتووە، هەرچەندە چاوەڕێی 100  ملیۆن دینار خێربووم، بەڵام زیانێکی زۆرمان هەبوو. ئەگەر حکومەت ئەو هاوردەکرنی قاچاخە رانەگرێت زیانێکی زۆر زیاتر دەکەین و ساڵێکی دیکە ئیتر کشتوکاڵ ناکەینەوە، چونکە ئێستا رۆژانە لە دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە هەموو جۆرە سەوزە و میوەیەک بەقاچاخ دێتە سلێمانی".
 
زیانی جووتیارەکان بەشێوەیەکە کە تەنانەت نیوەی پارە خەرجکراوەکانیشیان لە بەرهەمەکانیاندا دەست ناکەوێتەوە.
 
سۆران رەئووف، جووتیارێکی دیکەیە و باسی لەوە کرد، "من خۆم بێستانی شووتی و تەماتەشم هەیە، هیچ ساڵێک وەکو ئەمساڵ زیانمان نەبووە. زیاتر لە 15 ملیۆن دینار زیانم هەبووە و 100 تۆن تەماتەم هەیە. بە مانگ و نیوێک بۆم ساخ نەبووەتەوە. هەموو هۆکارەکەش هێنانی تەماتە و بەرهەمی دیکەیە لە ئێرانەوە بە قاچاخ، چونکە ئەگەر یەک رۆژ بەرهەمێکی قاچاخ بێت، نرخی بەرهەمەکانی ئێمە 200 دینار دادەبەزێت".
 
هەرچەندە بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای مانگی ئابەوە هاوردەکردنی شووتی، پەتاتە، تەماتە، هەنجیر و سێو  قەدەخە کرابوو، بەڵام بە گوتەی جووتیارەکان رۆژانە بە بەردەوامی دەیان تۆن لەو بەرهەمانە لە دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخانەوە دێنە سلێمانی و لەوێشەوە بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەچێت.
 
رۆژی 13ی ئەیلوولیش وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاندبوو لە دەروازەی سنووریی پەروێزخان دەستیان بەسەر سەتان تۆن تەماتە و پەتاتەی قاچاخدا گرتووە کە ویستراوە بە نایاسایی بهێنرێتە هەرێمی کوردستانەوە.
 
وەزارەتی کشتوکاڵ دڵنیایی دەدات لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانیان و هۆشدارییشیان داوە بە دەروازە سنوورییەکان کە دەست بەسەر هەموو بەرهەمێکی قەدەخەکراودا بگیردرێت.
 
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی روداوی راگەیاند، "سوورین لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانمان و رێگەنادەین جووتیارەکانمان زیاندمەند بن. هەر هەفتەی پێشوو بوو کە سەدان تۆن بەرهەمی قەدەخەکراومان گرت. لە هەر شوێنێکی دیکە بزانین بەرهەمی قەدەخە دێت، راسەتەوخۆ لێپێچینەوە دەکەین و دەست بەسەر بەرهەمەکەدا دەگرین و شوێنەکانی فرۆشتنی ئەو بەرهەمە قاچاخانەش دادەخەین".
 
نیگەرانییەکانی جو٢تیارەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە بەشێکی زۆریان لە نیوەی کاردا وازیان لە زەوی و بێستانەکانیان هێناوە و بەرهەمەکانیان جێهێشتووە. ئەوان دەڵێن بەرهەمەکانمان ئەگەر پێیشبگات پارە ناکات، بۆیە زەرەر لە نیوەوە بگەڕێتەوە باشترە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند کچێکی ئێزدی

حکومەتی عێراق مووچەی بۆ زیاتر لە 2000 ئافرەتی کوردی ئێزدی رزگاربوو بڕیوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی رزگابووانی ژنانی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، 2155 کچ و ژنی ئێزدی مووچەی مانگانەیان بۆ بڕاوەتەوە و 262 پارچە زەویشیان بەسەردا دابەشکراوە.