ئاژەڵانی باخچەی سەیرانگەی نەورۆز لە سلێمانی لە دۆخێکی خراپدا دەژین


رووداو - هەولێر

نزیکەی 10 ساڵە باخچەی ئاژەڵانی سەیرانگەی نەورۆز لە سلێمانی پشتگوێخراوە و ئاژەڵەکانی باخچەکە زۆر بێهێز دەردەکەون. بەشێک لەو گەشتیارانەی سەردانی دەکەن، لەبری دڵخۆشی بینینی دیمەنی ئاژەڵەکان، دڵتەنگ دەبن بە بینینی بارودۆخی ئەو ئاژەڵانە.

بەرپرسانی باخچەکە دان بەوەدا دەنێن ئاژەڵانی باخچەکە باش بەخێو ناکرێن. ئاری محەممەد، بەخێوکەری ئاژەڵەکانە لەو باخچەیە و دەڵێت "ئێمە خۆمان دەزانین کە باش بەخێویان ناکەین، ئەوەی ئێستا بە ئێمە دەکرێت تەنها ئەوەیە خواردنیان پێبدەین و لەژێر رێنمایی پزیشکدا پاکوخاوێن رایان بگرین".

ماوەی سێ ساڵە باخچەیەکی نوێ بۆ ئاژەڵەکان بە تەواونەکراوی جێهێڵدراوە، بەڕێوەبەری باخچەی نەورۆز سکاڵای لەسەر کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکەی تۆمارکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دۆسیەکە لە دادگایە و یەکلایی نەبووەتەوە و پرۆژەکەش بە تەواونەکراوی ماوەتەوە.

یەکێک لەو مەیمونانەی زۆربەی تەمەنی لە باخچەی ئاژەڵانی سەیرانگەی نەورۆز بەسەربردووە، زۆربەی منداڵانی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو دەیناسن و ناویان لێناوە "سالە"، ئێستا لە شوێنێکی نەنگ و نەگونجا و لەگەڵ سروشتی خۆیدا ژیان بەسەردەبات.

ئەرین ئەحمەد، هاونشتیمانییە و سەردانی باخچەکەی کردووە، دەڵێت "ئێمە بەزەییمان بەو ئاژەڵانەدا دێتەوە، چونکە شوێنیان زۆر خراپە و داوا لە بەڕێوەبەری ئێرە دەکەین باش بەخێویان بکات".

سەیرانگەی نەورۆز یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییە کۆنەکانی شاری سلێمانی، لە ساڵی 1991ـەوە باخچەی ئاژەڵانی تێدا کراوەتەوە و زیاتر لە 15 جۆر ئاژەڵی جۆراوجۆری ماڵی و کێویی تێدا دەژین.