کوردێک دەکرێتە بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی نێو شاری کەرکووک


رووداو دیجیتاڵ 

گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک دەکرێت. کوردێک دەکرێتە بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی نێو شارەکە.
 
عەمید محەممەد ئیسماعیل ناسراو بە عەمید شوان، بەڕێوبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک، رۆژی پێنجشەممە، 22-08-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەرکان سەیادی کە بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی نێو شاری کەرکووک بوو، دەبێتە یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک، عەقید عەلی باهریش کە کوردە، دەبێتە بەڕێوبەری پۆلیسی هاتووچۆی نێو شار.
 
عەمید شوان گوتی، ژمارەیەک گۆڕانکاریی دیکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی هاتووچۆدا دەکرێن، لەوانە بەڕێوەبەری پۆلیسی حەویجە، دووبز و مەشروع دەگۆڕدرێن، نووسراویان بۆ کراوە و چاوەڕێی گەڕانەوەی نووسراوەکەین لە بەغدا و، بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەستبەکاربن.
 
پێشتر عەمید شوان، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی نێوشاری کەرکووک بوو، دوای ئەوەی بووە بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگاکە، ئەرکان سەیادی لە شوێنی ئەودا بووە بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی نێو شار.
 
بەڕێوبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک رەتیکردەوە ئەو گۆڕانکارییانە پەیوەندییان بە رێککەوتنی دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک هەبێت بۆ پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی کەرکووک.