پارتى سەروەرى: بەشداریی کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک ناکەین

22-08-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پارتى سەروەرى لە کەرکووک، بەشداریکردنى لە کۆبوونەوەى داهاتووى ئەنجوومەنى پارێزگا رەتکردەوە و رایگەیاند: پۆستى پارێزگارى کەرکووک مافى پێکهاتەى عەرەبە و ئەوە واى لێکردووین بەشداریکردن لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا رەتبکەینەوە.
 
22ـى ئابی2024، نووسینگەى کەرکووکى پارتى سەروەرى لە راگەیێنراوێکدا، بەشدارینەکردنى ئەندامەکانى لەو کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى راگەیاند، کە بڕیارە شەممە 24ى ئاب بکرێت.
 
ئەو پارتە دەڵێت: "ئەوە بۆ جەماوەرى عەرەبی لە کەرکووک دوپاتدەکەینەوە کە بە پەراوێزخستن قایل نابین و ئەوە رەتدەکەینەوە کە بەشێک لە هاوبەشەکانمان کردوویانە و رێککەوتنە سیاسییەکانى پێشوویان پێشێلکردووە، کە ئامانج لێى گەرەنتیکردنى مافى هەمووان بووە. جەختیش لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە پۆستى پارێزگارى کەرکووک مافى پێکهاتەى عەرەبە و ئەوە واى لێکردووین بەشداریکردن لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا رەتبکەینەوە و بایکۆتى بکەین وەک لایەنێکى ئۆپۆزیسیۆن کە سازش لەسەر مافى خەڵکەکەى ناکات و دانوستاندنیشی لەسەر ناکەین."
 
محەممەد حافز، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بانگهێشتى ئەندامانى ئەنجوومەنەکەى کردووە بۆ ئەوەى رۆژى شەممە کۆببنەوە.
 
پارتى سەروەرى ئاماژەى بەوەداوە، لەگەڵ هاوبەشەکانیان بەردەوام دەبن لە بایکۆتکردنى کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى پارێزگا وەک مافێکى رەوا بۆ بەرگریکردن لە مافى دەنگدەرانیان و پێکەوە کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەى مافیان و رەتکردنەوەى پەراوێزخستن.
 
کۆبوونەوەکە لە سێ بڕگە پێکدێت؛ دەنگدان لەسەر پێکهێنانى لیژنە بۆ هەموارى پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجوومەن، تاوتوێکردنى پرسی دامەزراندنى گرێبەستەکان کە زیاتر لە 7 هەزار کەسە، بڕگەى سێیەمی کۆبوونەوەکەش ئەوەیە "داوا لە تورکمانەکان بکرێت پۆستەکانیان پڕبکەنەوە."
 
پارتى سەروەرى کە خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتى دەکات، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە رێگەى بایکۆتکردنى ئەنجوومەنى پارێزگاوە دان بە رەوایەتى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی و سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى پارێزگادا نانێن کە بەگوتەى ئەو پارتە بە شێوەیەکى"نایاسایی" پێکهێندراوە.
    
رۆژی 21ـی ئابی 2024 بەرەى تورکمانى عێراق راگەیێندراوێکى لەبارەى ئەو کۆبوونەوەیە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەنجوومەنى پارێزگا بەنیازە کۆبوونەوەیەک بکات بۆ ئەوەى داوا لە تورکمان بکرێت ناوى بەربژێرانى ئەو پێکهاتەیە بۆ پۆستەکان پێشکێش بکەن.
 
بەرەى تورکمانى رایگەیاندووە: "بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنى پارێزگاى دووپاتدەکەینەوە، لایەنى رێگەپێدراو بۆ پێشکێشکردنى ناوى بەربژێران فراکسیۆنی بەرەى تورکمانى یەکگرتووە. فراکسیۆنەکە سکاڵایەکى لە دادگە هەیە، ناکرێت هیچ هەنگاوێک بنرێت بەر لە دەرچوونى بڕیارێک لەدادگاوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە