لە کەرکووک میکانیزمی دامەزراندنی دەرچووان رەتدەکرێتەوە؛ 'ئەوەی هەیە جیاوازی نەتەوایەتییە'

رووداو دیجیتاڵ 

شاهین و دڵشاد، دوو دەرچووی زانکۆن لە سنووری کەرکووک بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا دانەمەزرێندراون لە دووکانێکی فرۆشتنی چەرەزات کاردەکەن، باس لەوە دەکەن کە بەهۆی "جیاوازی نەتەوایەتییەوە" دامەزراندن نەیگرتوونەتەوە. 
 
ئەوان نەک هەر خۆیان هاوژین و براو خوشک و کەس و کاریان دەرچووی زانکۆن، بەڵام تائێستا چانسی دامەزراندنیان نەبووە.
 
دڵشاد زاهیر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەش ساڵە کۆلێژم بە نمرەیەکی بەرز تەواوکردووە، هاوژینەکەشم لە یەکەمەکانی زانکۆ بووە و دواتر دوو بڕوانامەی دیکەشی بەدەستهێناوە، کەچی هەر دانەمەزراوە لەکاتێکدا دەرچووی دیکە لەهەمان کۆلێژی ئەو بەنمرەی کەمتر دامەزراوە."
 
دڵشاد زاهیر باس لەوەش دەکات: "کەسمان دانەمەزراوین، هەم خۆم هەم خێزانم هەم خوشکم، هەم خوشکی خێزانم لەسنوورەکەی ئێمە دامەزراندنی زۆر کەمی لێکراوە، یەکەم جیاکاری نەتەوایەتییە دووەم ئەوەی سنووری حەویجەیە هەمووی بۆ ئەوانە."
 
شاهین شێروان، یەکێکی دیکەیە لە دەرچووە دانەمەزراوەکان و دەڵێ: "لەدامەزراندنەکان هیچ بۆ گەنجی کورد نەکراوە، برایەکم شەش ساڵە تەواوی کردووە، خوشکێکم دەرچووە هیچیان بۆ نەکراوە."
 
لەکۆی 150 هەزار پشکی دامەزراندن، کە لەبودجەی 2024ـی عێراق بڕیاری لەسەر دراوە، لە کەرکووک 7304 کەس بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێندرێن.
 
میکانیزمی دامەزراندنی دەرچووەکان لە کەرکووک سەرنجی لەسەرە. بەپێی لیستێک کە لەدەستی پەیامنێری رووداودایە دامەزراندنەکە بەهەمان میکانیزمی رابردوو دەکرێت، گوایە پشت ئەستوورە بە ژمارەی دانیشتووانی ناوچە جیاوازەکان و فۆڕمی خۆراکیان، بەڵام هاوشێوەی رابردوو "جیاکارییەکی زۆر کراوە"، ناحیەی شوان 53 کەس و قەرەهەنجیر 56 کەسیان بەردەکەوێت. 
 
لەکاتێکدا عەباسی249 کەس، ریاز277 کەس و زابیش263 کەس، ئەمە بۆ سەرجەم ناوچەکان بەهەمان شێوەیە و بەگشتی ناوچە کوردییەکان کەمترین پشکیان بەر دەکەوێت.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەیەوێ یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی پرسی دامەزراندن یەکلایی بکاتەوە. بڕیاریشە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بڕیار لە میکانیزمەکەی بدرێت. لە ئێستاوە یەکێتی کە زۆرینەی ئەنجوومەنەکە پێکدەهێنێت، میکانیزمی دامەزراندنەکە رەتدەکاتەوە.
 
د. ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی بە رووداوی گوت: "لەپێشینەی کارەکانی ئێمە یەکلایی کردنەوەی ئەو بابەتەیە، پێشتریش لەگەڵ ئەندامەکانی دیکە قسەم کردووە، ئەو ئالیەتەی لە رابردوو پشکەکانی پێی دابەشکردووە، جێی قبوڵ نییە، لەبەر ئەوەی نەتەوەی ئێمە لەبەرامبەر نەتەوەکانی دیکە زوڵمی زۆری لێکراوە."
 
دامەزراندنی 7304 دەرچوو بۆ کەرکووک بەشێوەی گرێبەست بەو ئامانجەیە پێویستی و کەلێنی فەرمانگە حکومییەکان پڕبکاتەوە، لە داهاتووشدا گرێبەستەکان دەکرێنە هەمیشەیی.