کەسێک لە هەولێر بە تۆمەتی دزینی 155 ملیۆن دیناری هاووڵاتییەک دەستگیر دەکرێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
وێنەیەکی تۆمەتبارەکە دوای دەستگیرکردنی
وێنەیەکی تۆمەتبارەکە دوای دەستگیرکردنی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە بازگەی شێراوە تۆمەتبارێک  کە 155 ملیۆن دیناری هاووڵاتییەکی دانیشتووی بەغدای دزیبوو، دەستگیر دەکات و دواتر پارەکە رادەستی خاوەنەکەی دەکەنەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 22ـی ئابی 2024 ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هاووڵاتییەک بە ناوی (ع . ا . م) کە خاوەنی کۆمپانیای بازرگانی گشتییە لە پارێزگای بەغدا سکاڵای تۆمارکراوە کە لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی (ع . ر .ج) بڕە پارەیەکی لێ دزراوە و تیمەکانیان لێکۆڵینەوەیان کردووە و دەستگیریان کردووە. 
 
ئاسایشی هەولێر دەڵێت: "بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئابووری و بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی بازگەکان توانیان لەماوەیەکی کورتدا تۆمەتبارەکە لەبازگەی شێراوە دەستگیر بکەن و دەست بەسەر بڕی پارەی دزراوەکەدا بگرن."
 
"تۆمەتبار پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و ڕووبەڕووی یاسا کراوەتەوە، دوای دانپێدانانی تۆمەتبار بە بڕی پارەی دزراوەکە رادەستی خاوەنەکی کرایەوە کە دانیشتوی پارێزگای بەغدایە." ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی هەولێر.
 
ئاسایشی هەولێر رایگەیاندووە، ئەو هاووڵاتییەی کە پارەکەی لێدزراوە "سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش کردووە."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە