نەوەی نوێ چەندێک لەگەڵ خواردنی کوردیدا ئاشنان؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پێشەوا بەختیار
بەدواداچوونی رووداو بۆ بازاڕی خواردنی کوردەواری
بەدواداچوونی رووداو بۆ بازاڕی خواردنی کوردەواری
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ 

لە چێشتخانەیەکی سلێمانی، سەری هەر مەنجەڵێک لادەدەیت، بۆن و بەرامەی خواردنێکی کوردی بەسەرتدا دێت. وەستا سامان خاوەنی چێشتخانەکەیە و 28 ساڵە لەگەڵ کوڕەکانی لە کارەکەی دانەبڕاوە.


ئەوان دەڵێن، خواردنی کوردی بە هەموو جۆرەکانییەوە خواستی زیاتری لەسەرە، بۆیە تاموچێژی خواردنی کوردەوارییان بردووەتە وڵاتی ئیمارات و دەیانەوێت لەوێ ئارەزوومەندانی خوانی کوردی زیاتر بکەن.

سیڤەر سامان، خاوەنی چێشتخانەیە، دەڵێت، "ئەزموونمان هەیە هەر کەس کە بیانی بێت و یەک جار خواردنی کوردی بخوات، دێتەوە بۆی، چونکە بەنێوبانگە."

خواردنە کوردەوارییەکان بەشێکیان لە لیستی خواردنی نێو رێستۆرانت و چێشتخانەکان نین، نەوەی نوێ زۆریان لەسەر نازانن، لە بەشێک لە منداڵانمان پرسی، ئەوان لە زاری دایک و باوکیان فێری ناوی خواردنەکان بوون و لەزەتی بەشێکیشان کردووە.

ڤانە رەنج، قوتابییە، دەڵێت: من ناوی سێ خواردن دەزانم، کەباب و یاپراخ و ساوەر.

مەیلی شادیش، هاوڕێی ڤانەیە و قوتابییە، ئەو وەکو خۆی دەیگوت ناوی 20 خواردنی کوردی دەزانێت، لەکاتی ژماردنی ناوەکانیان، پیتزایشی وەکو خواردنی کوردی دانا! 

گەڕەکی ئاشتی لە سلێمانی بووەتە زۆنی چێشتخانەکان، لەو چێشتخانانەی لەوێ هەن خواردنی کۆنی کوردی کەمە، گرانیی تێچووەکەیان و وەرزی گەرما هۆکارێکە بۆ ئەوەی خواردنی کوردی کەم بخرێنە نێو لیستەکانیان، بەڵام ئەوانەی دەچن بۆ نانخواردن لەوێ، دەیانەوێت چێژی شۆربا و شلە کوردەوارییەکان بکەن.

نووری نەسرەدین لە یەکێک لە چێشتخانەکان چێشتلێنەرە، دەڵێت: خواردنی کوردەواری زیاتر لە زستاندا دەخورێت و هەیە، ئەوانەی زۆر خەڵک حەزی لێیانە، قەل و قاز و ترخێنە و قەرخەرمانن.

جار جارە بۆ گرنگیدان و زیاتر ناساندنی خواردنی کوردەواری، پێشانگە و فێستیڤاڵی خواردن لە شارەکان دەکرێتەوە، ئەوەیش رێگەیەکە بۆ ئەوەی دەستڕەنگینیی خانمان لە دروستکردنی خواردن دەربکەوێت.

وەزیر قادر، چێشتلێنەرە، ئەو باس لەوە دەکات، خواردنی کوردی خۆشتر و باشترە، بەڵام "زۆر خۆمانی لێ نادەین، هیوادارم زیاتر خواردنی کوردی بەکاربێت."

لە هەرێمی ‏كوردستان زیاتر لە سێ هەزار و 100 شوێن و بنكەی گەشتیاری هەن، دەستەی گەشتوگوزار لە هەوڵی ئەوەدایە، هانی شێفەکان بدات خواردنی کوردی بکەن بە براند و بە گەشتیارانی بناسێنن، تاوەکو ببێتە سەرچاوەیەکی دیکەی گەشتیاری.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە