پارێزگاری هەولێر: 344 هەزار پەنابەر و ئاوارە لە هەولێرن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، 344 هەزار پەنابەر و ئاوارە لە سنووری پارێزگاکە هەن. دەشڵێت، ئەو بڕیارەی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئاوارەکان، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بابەتێکی رەتکراوەیە و تەنیا لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 22-08-2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە رێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەیەک لە ناحیەی باسرمەی قەزای شەقڵاوە کە بە گوژمەی 500 هەزار دۆلار لەلایەن UNHCRـوە دروستکراوە، رایگەیاند: ''قوتابخانەکە 400 منداڵی ناحیەکە، پەنابەر و ئاوارەکان لەخۆدەگرێت.''
 
ئومێد خۆشناو گوتی: "هەرێمی کوردستان و هەولێر وەکو پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاوارە و پەنابەران دەمێننەوە؛ بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ داخستنی کامپەکان، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بابەتێکی رەتکراوەیە.''
 
حکومەتی عێراق بڕیاریدابوو 30ی مانگی تەممووزی ئەم ساڵ سەرجەم کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دابخرێن، بەڵام بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە کامپەکان لەو وادەیەدا دانەخران و بڕیارەکە دواکەوت. پارێزگاری هەولێر گوتی: ''ئەو بڕیارە هیچ خزمەتێک بە ئاوارەکان ناکات و گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە بە زۆرەملێ، لادانە لە بنەماکانی مافی مرۆڤ.''
 
ئومێد خۆشناو جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئاوارەکان نییە.
 
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، تائێستا 344 هەزار پەنابەر و ئاوارە لە سنووری پارێزگاکە هەن؛ ''بێگومان ئەو دۆخە قەیراناوییەی ئێستا، ئەرکی ئێمەی قورستر کردووە، بۆیە پێویستە وڵاتان و ئاژانسەکانی یوو ئێن هاوکارمان بن، بۆ ئەوەی کوالێتیی ژیانی پەنابەران و ئاوارەکان باشتر بکرێن''.
 
ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە دژی دانەخستنی کامپەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدڕاڵی سکاڵای تۆمار کردووە. سکاڵاکار داوا دەکات دادگەکە هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە داخستنی کامپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان پابەند بکات.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی و جەنەراڵ کێڤن لێیهی

مەسرور بارزانی و فەرماندەی گشتیی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان تاوتوێی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد و ستایشی پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمان دووپات کردەوە.